رووداو دیجیتاڵ
چارەنووسی 10 گەنجی کۆچبەری کورد کە لە رۆژی 05-08-2026، لە لیبیا بێسەروشوێنن، نادیارە و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، کەسوکاریانی نیگەران کردووە.
سەردار عەبدوڵڵا، دانیشتووی قەزای رانیەیە و باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە. ئەو دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تەرمێک دەرکەوتووە کە تاتۆیەکی هاوشێوەی کوڕەکەی لەسەر سنگیەتی، دڵنیا نییە کە ئەوە کوڕی ئەو بێت.
سەردار عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت: "راستە تاتۆیەکی لەسەر سنگ بوو، بەڵام شێوازی جەستەی بە کوڕەکەی من ناچێت. پرسە دانانێم، چونکە تاوەکو ئێستا دڵنیا نیم و تەرمی کوڕی خۆمم نەبینیوەتەوە."
کەسوکاری گەنجە کۆچبەرەکان، دەنگۆی گیانلەدەستدانی رۆڵەکانیان رەتدەکەنەوە و دەڵێن، قاچاخچییەکە پێی گوتوون کە ناویان لەنێو لیستی گیراوانی زیندانەکانی لیبیادایە.
زرار خالید، یەکێک لە کەسوکاری کۆچبەرەکان دەڵێت: "نەچوونەتە نێو ئاوەوە تاوەکو بخنکێن، بە دڵنیاییەوە گیراون."
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپاوە، زانیاریی زیاتر لەبارەی دەستگیرکردنیان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئەوان بەڵگەیان لەبەردەستە کە لە زیندانێکن بەناوی 'تاجورا' و لەلایەن لیوای 111، فەوجی 51ـەوە دەستگیرکراون."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی راپەڕین، لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون.
.jpg&w=3840&q=75)

