رووداو دیجیتاڵ
چارەنووسی ژمارەیەک کۆچبەری کوردی هەرێمی کوردستان کە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا روویان لە لیبیا کردووە، بووەتە جێگەی مشتومڕ و ناکۆکی لەنێوان کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان و چالاکڤانێکی بواری کۆچبەران؛ لەکاتێکدا لایەنێکیان دەڵێت کۆچبەرەکان لە ژیاندا ماون و لە زینداندان، لایەنەکەی دیکە سوورە لەسەر ئەوەی بەڵگەی خنکانیانی لە دەریادا لەبەردەستدایە.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا، لە بولتەنی نیوەڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی کرد، رایگەیاند، دۆسیەی دیارنەمانی ئەو کۆچبەرانە یەک دۆسیە نییە، بەڵکو سێ گرووپی جیاوازن: 10 کەسیان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ و 14 کەسیشیان لە مانگی ئابی رابردوودا پەیوەندییان پچڕاوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت: "بەپێی ئەو بەڵگانەی لەرێگەی لیستێکی دزەپێکراوەوە لەناو زیندانەکانی لیبیاوە دەست کەسوکاریان کەوتووە، ئەو کۆچبەرانە لە زیندانی (تاجوورا) لە ناوچەی روخبە لەلایەن فەوجی 51ـی لیوای 115 دەستگیرکراون و لە ژیاندا ماون."
بەکر عەلی رەخنەی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی خنکانیان گرت و گوتی: "دۆخی دەروونیی 21 بنەماڵە لە دەڤەری راپەڕین شێواوە و پێویستە دەنگۆی بێبنەما بڵاونەکرێتەوە. تەنانەت دایکی یەکێک لەو گەنجانەی تاتۆ لەسەر سنگییەتی بەهۆی ئەو هەواڵانەوە تووشی جەڵتە بووە و لە نەخۆشخانەی رانیەیە."
رەنج پشدەری: بەڵگەی وێنەیی خنکانیانم لەبەردەستدایە
لەبەرامبەردا، رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا، لە هەمان بولتەندا لێدوانەکانی بەکر عەلی رەتکردەوە و رایگەیاند: "بەڵگەی تەواوم لەبەردەستدایە کە 18 کۆچبەر کە 10 بۆ 11 کەسیان کوردن، لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون."
رەنج پشدەری روونیکردەوە کە لە 14ـی ئابدا فڕۆکەیەکی چاودێری لە دەریادا تەرمەکانی بینیوە و کەشتییەکی فریاگوزاریی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام "بەهۆی مانەوەی زۆر لە ئاوی سوێر و گەرمادا تەرمەکان بەتەواوی شێوابوون و توانای هەڵگرتنەوەیان نەبووە، بۆیە وێنەیان گیراوە."
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێک لە بەڵگە هەرە روونەکان، وێنەی تەرمی گەنجێکە کە لەسەر سنگی تاتۆی وشەی "دایە گیان"ـی بە زمانی کوردی هەڵکۆڵیوە و وێنەکەشی لایە، راشیگەیاند: "ئەگەر لە زیندانەکانی لیبیا بوونایە بەفەرمی ناویان تۆمار دەکرا، بەڵام هیچ تۆمارێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە."
رەنج پشدەری رەتیکردەوە کە هیچ بەرژەوەندییەکی مادی لەم کارەدا هەبێت و گوتی: "من وەک چالاکڤانێکی سەربەخۆ بەگیرفانی خۆم ئەم بەدواداچوونانەم کردووە و بەهیچ جۆرێک کارم بۆ پارە نەکردووە."

