رووداو دیجیتاڵ
ئەو کوڕ و کچانەی سەردانی سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی هاوسەرگیری لە هەولێر دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، لێکتێگەیشتن، رێزگرتن و خۆشەویستی بنەمای سەرەکییە، نەک داواکردنی زێڕ و مەرجی قورس. بەڕێوەبەری سەنتەرەکەش دەڵێت، بچووکترین کەس کە سەردانی کردوون بۆ پشکنین، کچێکی تەمەن 15 ساڵ بووە.
هەر رێگەیەکی نوێ لە هەنگاوێکەوە دەستپێدەکات، بۆ ئەو کوڕ و کچانەی دەیانەوێت بچنە نێو قەفەسی زێڕینەوە، یەکەم هەنگاو سەنتەری شەهید مەئموون دەباغە لە شاری هەولێر، کە تێیدا پشکنینی پێشوەختەی هاوسەرگیرییان بۆ ئەنجام دەدرێت.
رۆشنا جەردیس، یەکێکە لەو کچانەی لەگەڵ هاوژینی داهاتووی سەردانی سەنتەرەکەی کردووە و دەڵێت، "لێکتێگەیشتن بۆ ئێستا زۆر گرنگە، تۆ لە کەسەکە تێبگەی کە توانای لە ژیاندا چەندە و بەقەد توانای داوای لێبکەی. خۆشبەختی بەو شتانە دێت، لەوانەیە داوای زێڕێکی کەم بکەی، بەڵام ماڵێکی بچکۆلانە و خۆشەویستی هەموو شتێک بهێنێت."
زۆربەی ئەو کوڕ و کچانەی روو لە سەنتەرەکە دەکەن، هاوڕان لەسەر ئەوەی رێزگرتن و لایەنی ئایینی بۆ ئەوان لەپێشترە وەک لە بابەتی ماددی. مالیک عوسمان، یەکێکی دیکە لە سەردانیکاران دەڵێت، "یەکەم شت رێز، دواتر نوێژەکانمان. زێڕ و شتی دیکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێمە نییە."
لایەنێکی دیکەی گرنگ کە لەلایەن بەشێک لە هاوژینانەوە ئاماژەی پێدەکرێت، جیاوازیی تەمەنە. حەیدەر باسم، کە تەمەنی 32 ساڵە و هاوژینەکەی 25 ساڵە، پێی وایە، "تەمەن گرنگە لە هاوسەرگیریدا، چونکە کوڕەکە چەند گەورەتر بێت، باشترە و لە ژیان زیاتر تێدەگات."
لە بەرامبەردا، ئامانج خەیلانی، بەڕێوەبەری سەنتەری شەهید مەئموون دەباغ، بە رووداوی راگەیاند، "جیاوازیی تەمەن لەنێوان ئەو هاوژینانەی سەردانمان دەکەن کەمە و زیاتر تەمەنیان لەیەکەوە نزیکە. بەڵام بچووکترین کەس کە تاوەکو ئێستا هاتبێتە ئێرە بۆ پشکنین، کچێکی تەمەن 15 ساڵ بووە."
هاوکات، لایەنی ئابووری هێشتا رۆڵی خۆی هەیە. مزەفەر، یەکێکی دیکە لە سەردانیکاران، دەڵێت، "بەڕاستی لایەنی ئابووری رۆڵێکی سەرەکی هەیە، بەڵام هاوژینەکەم زۆر باری سووک کردم و داوای زێڕی زۆری نەکرد، هەرچەندە شایەنی هەموو شتێکە."
لە یەکێک لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، مامۆستایەکی ئایینی لەگەڵ هاوژینی یەکەمی و ئەو خانمەی کە دەیەوێت بیکاتە هاوژینی دووەمی، سەردانی سەنتەرەکەیان کردبوو. هاروون نوح، مامۆستای ئایینی، دەڵێت، "لە ساڵی 2002ـەوە هاوسەرگیریم کردووە، بەهۆی نەبوونی منداڵ، بڕیاری هاوسەرگیریی دووەمم دا. دەستخۆشی بۆ هاوژینی یەکەمم دەکەم کە خۆی دەستپێشخەر بوو و ماندووبوونێکی زۆری لەگەڵمدا کێشا."
دوای ئەنجامدانی پشکنین، هاوژینان دەبێت سەردانی سەنتەری راوێژکاریی پێش هاوسەرگیری بکەن و لە ماوەی دوو کاژێردا لە سێ پۆلی فێرکاریدا بەشداربن بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەندروستی، یاسایی و کۆمەڵایەتی.
دکتۆر مازن عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاریی پێش هاوسەرگیری، ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە نزیکەی 50 هاوژین سەردانیان دەکەن و رۆژانی یەکشەممە ژمارەکە دوو هێندە دەبێتەوە.



