رووداو
لە رێگەی سەقز-بۆکان، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی و برینداربوونی دووی دیکە.
رووداوەکە کاژێر 10:00ی ئەمشەو پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026 روویداوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ پارس و پژۆ 405 پێکیاندا داوە و دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی زانا عەزیزی و لوقمان خزرپوور گیانیان لەدەستداوە و دوو دیکە بریندار بوون کە یەکێکیان ناوی شیما پەرکەن-ەو رەوانەی نەخۆشخانەیەکی سەقز کراوە.
قوربانییەکان خەڵکی مهابادن و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمەکانیش رەوانەی پزیشکی دادوەری کراون.
ساڵانە هەزاران کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن یاخود بریندار دەبن، هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 260 کەس لە سنووری پارێزگاکەدا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەگوێرەی دوایین ئاماری دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 540 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.


