رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئیتاڵیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە داهاتوو و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی کە رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026 بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارەکەدا نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا پرسە و هاوخەمیی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی دەربڕی بۆ کۆچی دوایی عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق لە قۆناغی داهاتوو و هەڕەشەکانی تیرۆر ئاڵوگۆڕ کرا.
پەیوەست بەم تەوەرانەوە، باڵیۆزی ئیتاڵیا هەڵوێستی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: "بە گرنگییەوە دەڕوانینە داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەلامانەوە جێی بایەخێکی زۆرە."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سوپای ئیتاڵیا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر لە ساڵانی رابردوودا، "جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرایەوە."



