رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی رابردوو کاک مەسعود و بافڵ تاڵەبانی داوایان لێکردوون بگەڕێنەوە پەرلەمان و بەشداری لە حکومەتدا بکەن، بەڵام دەڵێت هێشتا بڕیارەکەیان لەسەر بایکۆتکردن وەک خۆی ماوەتەوە؛ هاوکات رەتیدەکاتەوە نێوەندگیرییان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کردبێت.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن نێوەندگیریمان لەنێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت کردووە دوورن لە راستییەوە، بەڵکو ئێمە لە پەرۆشیمان بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان داوای کۆبوونەوەی لووتکەی سەرجەم حیزبەکانی کوردستانمان کردووە."
عەبدولستار مەجید وردەکاریی کۆبوونەوەکانیانی خستەڕوو و گوتی: "هەفتەی رابردوو کۆمەڵی دادگەری سەردانی کاک مەسعود بارزانیی کرد و شاندێکیشمان سەردانی بافڵ تاڵەبانیی کرد، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا داوایان لێکردین بەشداری لە پەرلەمان و حکومەتی داهاتوودا بکەین، بەڵام بڕیارەکەمان وەک خۆی ماوەتەوە و سوورین لەسەر بەشدارینەکردن."
سەبارەت بەوەی ئایا عەلی باپیر لەو کۆبوونەوانەدا باسی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردبێت، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی گوتی: "بەهیچ شێوەیەک کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراون، بەڵکو لەبەر مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی لووتکەمان کرد بە سەرپەرشتیی پارتی و یەکێتی تاوەکو لەم چەقبەستووییە دەربچین."
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی یان یەکێتی سەردانیان بکەنەوە و داوای بەشداریکردنیان لێبکەن، پێیان دەڵێن لە کۆبوونەوەی حیزبدا تاوتوێی دەکەن و وەڵامیان دەدەنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە لە چەند رۆژی رابردوودا جموجۆڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چڕتر بوونەتەوە. دوێنێ سێشەممە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەواڵی خۆش لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبیستن."
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ هۆڵی ڤێر، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت چڕکراونەتەوە و هیوای خواست لایەنەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە.



