رووداو دیجیتاڵ
لە چوارەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دا، لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتییە و بەشی زۆری دووکان و بازاڕەکان داخراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شارەکانی سنە، بۆکان، دیواندەرە، مهاباد، شنۆ، پیرانشار، بانە، سەقز و مەریوانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، بەشی زۆری دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارانە ئەمڕۆ چوارشەممە 16-09-2026 داخراون و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە نانەواخانە و مارکێت و شوێنە خزمەتگوزارییەکان کراوەن. هەروەها نێو شارەکان چۆڵە و بەشی زۆری خەڵک لە ماڵەکانیان نەچوونەتە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزی ئەمنی و سەربازی لەنێو شارەکان بڵاوەی پێکراوە.
رۆژی یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026 هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوای مانگرتنی گشتییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و رایانگەیاند، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵەکانیاندا پابەندی ئەم مانگرتنە گشتییە بن و هەمووان پێکەوە بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو دووپاتی بکەنەوە.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز رۆژی 16-09-2022 لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا. سێ رۆژ پێش گیانلەدەستدانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تاران بە پاساوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەر کرابوو و لە بنکەی پۆلیس تەندروستی تێکچوو. کەسوکاری ژینا ئەمینی و پارێزەری دۆسیەکەی رایانگەیاندووە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و بەو هۆیە گیانی لەدەستداوە، بەڵام پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رەتی دەکەنەوە.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ناڕەزایی و خۆپێشاندانی گەورە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و چەند مانگ درێژەی کێشا و بە سەدان کەس بوونە قوربانی.




