رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە؛ لە هەولێر بەراورد بە سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی بەرمیلێک نەوت 40 هەزار دینار دابەزیوە، هاوکات لە پارێزگاکانی دیکەش نرخەکان لەنێوان 265 بۆ 290 هەزار دینارن.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی ماڵان بە 285 هەزار دینار بوو، بەراورد بە سەرەتای هەفتە 40 هەزار دینار دابەزیوە، لە کاتێکدا سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی بەرمیلێک گەیشتبووە 325 هەزار دینار."
سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی نرخەکەش گوتی: "ئێستاش نەوت لە بازاڕدا کەمە، بەڵام خواست لەسەری کەم بووەتەوە، بۆیە نرخەکەی دابەزی."
لە سنووری پارێزگای دهۆک نرخ لە بەرزیدا ماوەتەوە، ئەحمەد جەمال، نوێنەری بەنزینخانەی مەتین و نەوتفرۆش لە دهۆک بە رووداوی گوت: "ماوەی هەفتەیەکە نرخ جێگیرە و بەرمیلێک نەوت بە 290 هەزار دینار دەفرۆشرێت."
لە شاری سلێمانی نرخ بەراورد بە شارەکانی دیکە نزمترە. بەهمەن قادر، گوتەبێژ و نوێنەری بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی بە 265 بۆ 270 هەزار دینار فرۆشراوە."
هاوکات لە پارێزگای هەڵەبجەش دوو جۆر نەوت لە بازاڕدا دەفرۆشرێن. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "بەرمیلێک نەوتی بەغدا بە 280 هەزار دینار و نەوتی بازیانیش بە 270 هەزار دینار فرۆشراوە."
نرخی ئێستای نەوت لە بازاڕەکاندا لە کاتێکدایە، پار لەم مانگەدا بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 120 هەزار دینار بوو و لە لووتکەی وەرزی سەرمادا گەیشتە 220 هەزار دینار. لە مانگی ئایاری ئەم ساڵیش نرخی بەرمیلێک 160 هەزار دینار بوو، لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا بووە 200 هەزار دینار و ئێستاش 300 هەزار دیناری لە بەشێک لە شارەکان تێپەڕاندووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پار لە دەستپێکی ئەیلوولەوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزاندا دابەش کرا.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانی رابردوو دابەشی کردووە، 200 لیترە بە 104 هەزار دینار دراوەتە هاونیشتمانییان.




