رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک زانکۆی مەریوان کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری مەریوان بە رووداوی گوت، "بەیانیی ئەمڕۆ لەبەردەم زانکۆی مەریوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ خۆی کێشاوە بە ستوونێکی کارەبادا."
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆتۆمبێلەکە سێ سەرنشینی تێدابووە، کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و دوو کەسەکەی دیکە بە سەختی بریندار بوون.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن.
بەپێی دادپزیشکیی ئێران، پار 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.




