رووداو دیجیتاڵ فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، کە لەسەر پشکی پێکهاتەی عەرەبە، بۆ ماوەی مانگ و نیوێکە پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نابێت و ئامادە نییە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکەدا بکات بۆ لێپرسینەوە لەبارەی رەوشی بازگەکان. سەرەڕای ئەوەی سێ جار لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە بانگهێشت کراوە، بەڵام لیوا کاکە ئەحمەد، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، هەر جارە و بە بیانوویەک ئامادەی کۆبوونەوەکان نەبووە. بڕیاربوو دوو مانگ لەمەوبەر پۆستەکەی رادەستی بەرکەوتەی کورد بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا رادەستی نەکردووە. ئەندامانی کورد و تورکمانی ئەنجوومەنەکە داوای رێکاری یاسایی دەکەن. سەوسەن جەمیل، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بێگومان ئەمە رێکاری یاسایی تێدایە و ئێمەش دەنگی لەسەر دەدەین. بیانووەکانمان بە فەرمی وەرگرتووە، بۆیە رێکارەکانمان لە دانیشتنی داهاتوو یاسایی دەبن." نەشئەت شاهۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایگەیاند: "ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە کە هەر بەڕێوەبەرێک دژی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بێت، بڕیاری تووندی لەسەر بدەین." بەڵام محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، داوای مۆڵەتی زیاتر بۆ فەرماندەی پۆلیس دەکات و دەڵێت: "پێش میوانداریکردنی، تەلەفۆنم بۆ کرد و پێی گوتم کە بریکاری وەزارەت ناهێڵێت ئامادەی دانیشتنەکە بێت تاوەکو رێگەپێدان وەردەگرێت. هیچ تۆمەت و گلەییەک لە فەرماندەی پۆلیس نییە و تەنیا ئەندامانی ئەنجوومەن پرسیاریان لێی هەیە." ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەیەوێت لەبارەی "خراپیی رەوشی بازگەکان، وەرگرتنی سەرانە و رێگەدان بە کەرەستەی ماوەبەسەرچوو" لەگەڵ فەرماندەی پۆلیس کۆببێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، فەرماندەی پۆلیس چەند دۆسیەیەکی لەو بارەیەوە رەوانەی بەغدا کردووە و ئامادە نییە زانیارییەکان بداتە ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
کوردستان15-09-2026باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بۆ نێچیرڤان بارزانی: بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەڕوانین