رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 بڵاوکردەوە. بەپێی ساڵنامەکە، رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2026 وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێدەکات و تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەییش لە 31ـی ئایاری 2027 بەڕێوەدەچن.
بەگوێرەی گشتاندنێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان و ساڵنامەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەرین، سۆران و زاخۆ) کراوە، رۆژانی خوێندن، پشووەکان و وادەی تاقیکردنەوەکانی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم دیاریکراون.
وەرزی یەکەمی خوێندن
بەپێی ساڵنامەکە، وەرزی یەکەم لە 72 رۆژی خوێندن پێکدێ، 20-09-2026 دەستپێکی وەرزی یەکەم دەبێت و تاقیکردنەوەی نووسینەکیی نیوەی وەرز (20 نمرە) لە دوای 01-11-2026 لەلایەن کارگێڕیی قوتابخانەکانەوە رێکدەخرێن، هەروەها هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم (پۆلەکانی 1، 2، 3) لە 09-12-2026 تاوەکو 12-12-2026 دەبێت.
تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە 15-12-2026 دەستپێدەکەن و لە 24-12-2026 کۆتاییان دێت.
بەپێی ساڵنامەکە، لە 25-12-2026 تاوەکو 02-01-2027 پشووی وەرزی یەکەم دەبێت.
وەرزی دووەمی خوێندن
کۆی رۆژانی خوێندن لە وەرزی دووەم 89 رۆژ دەبێت. 03-01-2027 دەستپێکی وەرزی دووەم دەبێت و تاقیکردنەوەی نووسینەکیی نیوەی وەرزی دووەم لە 15-02-2027 لەلایەن قوتابخانەکانەوە رێکدەخرێ.
وەک لە ساڵنامەکەدا هاتووە، پشووی نەورۆز و بەهار لە 9-03-2027 تاوەکو 23-03-2027 دەبێت؛ هەروەها پشووی کوردانی ئێزدی رۆژی 21-04-2027 دەبێت.
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلەکانی نۆ و 12 (هاوکات لەگەڵ خوێندن) لە 10-04-2027 تاوەکو 20-04-2027 بەڕێوەدەچن، هەڵسەنگاندنی چوارەمی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەی کرداریی پیشەییەکان لە رۆژانی 27، 28 و 29ـی نیسانی 2027 دەکرێت.
کەی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی و گشتییەکان (وزاری) بەڕێوەدەچن؟
تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان و نیشتمانیی پۆلی نۆ (خولی یەکەم) لە 02-05-2027 تاوەکو 13-05-2027 دەبێت. خولی دووەمیش 8-6-2027 تاوەکو 23-6-2027 دەبێت.
تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی) - خولی یەکەم لە 31-05-2027 دەستپێدەکەن و لە 24-06-2027 کۆتایی دێت. خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 07-08-2027 تاوەکو 23-08-2027 بەڕێوەدەچن.




