رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەوڵەکان چڕتر کراونەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت." پێشتر گوتەبێژی پارتی گوتی، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت "لەم یەک دوو رۆژە هەواڵی خۆش دەبێ" و نەوەی نوێش دەڵێ، "بەشداری لە حکومەتی نوێ ناکەین."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هۆڵی ڤێر، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "باسمان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەکان چڕتر کراونەتەوە و هیوامان خواست لایەنەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و حکومەتێكی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنن."
هەروەها قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا "جەختیشمان کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق هاوکاری حکومەتی فیدڕاڵ بن بۆ تەواوکاریی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و هەموو پۆستەکان پڕبکرێنەوە."
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026 هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "وەکو نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەک بەشداریی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ناکەین و بە ئۆپۆزیسیۆنیی دەمێنینەوە."
هەروەها عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست لە هەژماری خۆی لە فەسیبووک نووسیویەتی، "وڵاتێکی دیکە یەکێتی و پارتی رێکدەخات بۆ پێکهێنانی حکومەت! خەڵکی دیکە بەشداری پێناکرێت! سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی!"
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "لەم یەک دوو رۆژە هەواڵی خۆش دەبێت."



