رووداو دیجیتاڵ
سبەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، بێستوون فایەق، راوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی تاران دەکات."
هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: "لەسەر بانگهێشتی فەرمیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سبەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تاران دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی لە چوارچێوەی "راوێژکارییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆدەبێتەوە.




