رووداو دیجیتاڵ
لە درەوشانەوە و سەرکەوتنێکی دیکەی جیهانیدا بۆ میدیای کوردی، ناوی تۆڕی میدیایی رووداو چووە کتێبی تۆمارە جیهانییەکانی گینسەوە.
رووداو تۆماری زۆرترین بینین (ڤیوو) لە ماوەی 24 کاژێردا بۆ ڤیدیۆیەکی فەیسبووک بەدەستهێنا.
ئێستا تۆماری ئەو ڤیدیۆیەی کە لە ماوەی 24 کاژێردا زۆرترین ڤیووی لە مێژووی فەیسبووکدا هەبووبێت، بە ناوی تۆڕی میدیایی رووداوەوەیە، کە 284 ملیۆن و حەوت هەزار و 601 بینینە.
لە مانگی تەممووز بە روونکردنەوەیەکەوە لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکەی بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی بینەرانی ئاگادار بکاتەوە، کە دیمەنەکە راستەقینە نییە و بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە. لەبەر ئەوەی ڤیدیۆکە، بەربڵاوی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو و لە هەندێ شوێن وەک رووداوێکی راستەقینە باس دەکرا.
لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت، بارهەڵگرێک تایەی دەتەقێت و خەریکە وەربگەڕێت، بەڵام شوفێرێکی دیکە فریای دەکەوێت، لاشەی بارهەڵگرەکەی خۆی دەداتە بەر تەنیشتە لاربووەکەی بارهەڵگرەکەی دیکە.
ئەو ڤیدیۆیە خولەکێک و 8 چرکەیە؛ رووداو پشکنینی راستییەکانی بۆ کردووە و دەرکەوت بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە. بەڵام لەسەر بنەمای رووداوێکی راستەقینەوە دروستکراوەتەوە. رووداوە راستەقینەکە لە شاری دێمیاتی میسر روویداوە و ناوی شوفێرەکە عیماد جەلالە.
بەرپرسێکی دامەزراوەی تۆمارە جیهانییەکانی گینس بە پەیامێکی ڤیدیۆیی پیرۆزبایی لە رووداو دەکات و دەڵێت: "بەناوی تۆماری جیهانیی گینسەوە زۆر دڵخۆشم کە ئەم ناسناوی تۆماری جیهانیی گینسە بە ئێوە دەبەخشم. ئێوە بە فەرمی بوونە ناوازە."
بەرپرسێکی دیکەی گینس دەڵێت: "دڵخۆشین کە ئێوە توانیتان لەم بۆنەیەی تۆماری جیهانیی گینس بەشداربن و هیواخوازین ئێوە ببینین کە هەوڵبدەن و ناسناوی تۆمارەکانی دیکەی جیهانیی گینس لە داهاتوودا بشکێنن."
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "راستی بە رێککەوت بەدەستنایەت؛ راستی بابەتێکی ئەندازیارییە. دەبێت بە شوێن بنەچەدا بچیت، کات و سات پشتڕاست بکەیتەوە، داتاکان جیا بکەیتەوە، بەراوردی وێنەی مانگە دەستکردەکان بکەیت و لە سەرچاوەکان بکۆڵیتەوە تاوەکو ئەگەری هەڵەکردن دەبێتە سفر. ئەمەش پێویستی بە دیسپلین هەیە؛ پێویستی بە ئازایەتی هەیە؛ لە هەمووشی گرنگتر، پێویستی بە تیمێکە کە بەهای متمانەی درێژخایەن لە پێش دۆپامینی کاتی و کورتخایەن دابنێت."
هەروەها دڵزار زوبێر، ئیدیتۆر لە بەشی دیجیتاڵ میدیای رووداو، کە دوای بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی راستییەکان، ڤیدیۆ تۆمارشکێنەکەی لە فەیسبووکی رووداو بڵاوکردەوە، دەڵێت: "ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ماندووبوونی هەموو ستافی دیجیتاڵ میدیای رووداوە. هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە کە رووداو نەک هەر لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی میدیای جیهانیش لە نێو پێشەنگەکاندایە. ئەم دەستکەوتە تەنیا بۆ ژمارەی بینەر نییە، بەڵکو متمانەی بینەرەکانمان بە ئێمە پێشان دەدات لەسەر ئاستی جیهان."
هاوکات بڕوا کیانی جەخت دەکاتەوە کە "رووداو جارێکی دیکە بووە سەرچاوەی پشتڕاستکردنەوەی زانیاری بۆ سەتان ملیۆن بینەری سەرانسەری جیهان لە هەموو زمان و پاشخانەکان. لە سەردەمێکدا کە نێوەڕۆکی بەرهەمهێنراو بە ژیریی دەستکرد تەشەنەی کردووەتە نێو هەواڵەکانەوە، ئەرکی دامەزراوە پیشەگەرەکانی وەک رووداوە زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە و متمانە بۆ وەگر بگەڕێننەوە."
ساهیرە سدیق، بەرپرسی بەشی تەکنیکی رووداو دیجیتاڵ رایگەیاند، "شانازیەکی گەورەیە کە ناوی رووداو، وەک یەکەم میدیای کوردی، دەچێتە کتێبی گینسەوە. ئەم دەستکەوتە بۆ ئێمە کۆتایی رێگاکە نییە؛ بەڵکوو دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ بەردەوامبوون لە نوێکاری، دروستکردنی ئەزموونێکی نوێتر و پێشکەوتووتر بۆ بەکارهێنەرانی رووداو دجیتاڵ."
ساهیرە سدیق هەروەها گوتی: "ئەم خەڵاتە هی هەموو ئەو کەسانەیە کە بە کار و متمانەیان، رووداو دیجیتاڵیان گەیاندووەتە ئەم خاڵە."
ڤیدیۆ ئێستا 471 ملیۆن بینەری هەیە و یەکێکە لە پێنج پڕ بینەرترینەکانی مێژووی فەیسبووک. هەروەها 14.4 ملیۆن جار لایک کراوە و 179 هەزار کۆمێنتی لەسەر نووسراوە و زیاتر لە 311 هەزار جار هاوبەش (شەیر) کراوە.



