رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکارێکی نوێی دەرکردووە و دەڵێت، نابێت مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ هاوسەرگیری لەگەڵ یەکدی بکەن و دیاری بۆ یەکدی بهێنن، هەروەها قسەکردن بە تەلەفون قەدەخە دەکات و داوا دەکات پەیوەندییەکان لە رێی ئیمەیلەوە بێت.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆمەڵێک رێکاری نوێی بڵاوکردەوەتەوە، کە لە لایەن د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا واژۆ کراوە، تەواوی پەیوەندییە زانستی، پیشەیی و مرۆییەکانی نێوان مامۆستایان و قوتابیانی لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا رێکخستووەتەوە و کۆمەڵێک سزای تووندیش بۆ سەرپێچیکاران دیاری دەکات.
سنوردارکردنی پەیوەندییەکانی مامۆستا لەگەڵ خوێندکار
لە مادەی دووەمی رێکارەکاندا هاتووە، دروستکردنی هەر جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری یان کەسی لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، بە جۆرێک ئەگەر هاوسەرگیری لە نێوانیاندا رووبدات، دەبێت مامۆستاکە دەستبەجێ لەو بەشە یان کۆلێژە بگوازرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی قوتابییەکە قۆناخەکانی خوێندن تەواو دەکات.
هەر بەپێی رێکارەکان وەرگرتنی هەر جۆرە دیارییەک لە لایەن مامۆستایانەوە وەک بەرتیل پۆلێن کراوە و رووبەرووی دادگای دەکاتەوە. هاوکات مامەڵەکردن بە زمانی زبر، هەڕەشەکردن، شکاندنەوە و هەراسانکردنی سێکسی خراونەتە خانەی تاوانەوە و لێپرسینەوەی یاسایی تووندیان لەسەر دەبێت.
هیچ مامۆستایەک بۆی نییە ببێتە سەرپەرشتیار یان ئەندامی لیژنەی گفتوگۆی ماستەر و دکتۆرای قوتابییەک، ئەگەر خزمایەتی تاوەکو پلە چوار لە نێوانیاندا هەبێت یاخود دوو هاوسەر بن.
لەبارەی پەیوەندییە ئەلکترۆنییەکانەوە لە رێکارەکاندا هاتووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیش دەبێت تەنیا لە رێی نوێنەری پۆل یان سیستمە فەرمییە ئەلیکترۆنییەکانی وەک ئیمەیڵی زانکۆ و پلاتفۆرمی خوێندن بکرێن.
مەرجەکانی نێو پۆل؛ لە مۆبایل و تۆمارکردنەوە تاوەکو جلوبەرگ
لە مادەی سێیەمی رێکاری نوێی زانکۆکان کە تایبەتە بە رەفتاری پیشەیی قوتابیان و خوێندکاران تێیدا هاتووە، کە پێویستە قوتابی تەنیا بە کۆشش و ماندووبوونی خۆی هەوڵی بەدەستهێنانی نمرە بدات و پەنا بۆ واستە، بەرتیل و خزمایەتی نەبات.
هەر جۆرە گوشار و هەرەشەیەک لەسەر مامۆستا بە مەبەستی زیادکردنی نمرە، بەدەستهێنانی پرسیاری تاقیکردنەوە، یان یارمەتیدان بۆ دەرچوون بە تەواوی رێگری لێکراوە. هەروەها بانگهێشتکردنی مامۆستایان و ستاف بۆ نانخواردن و میوانداری لە لایەن خوێندکارەوە قەدەخە کراوە، پێشکەشکردنی هەر جۆرە دیارییەک بۆ مامۆستا، سەرۆک بەش، راگر و ستافی کارگێڕی بە تەواوی رێگری لێکراوە.
بەپێی رێکارەکان، دەبێت خوێندکار رێز لە ماندووبوون و پێگەی مامۆستا بگرێت و بە شێوازێکی پیشەیی بجوڵێتەوە، هەرەشەکردن و پەنابردن بۆ رێگای تووندوتیژی بەرامبەر مامۆستایان قەدەخەیە.
سەبارەت بە پرسی پۆشینی جلوبەرگ و وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا دەکات رەچاوی ئادابی گشتی و کولتووری کۆمەڵگە بکرێت، لە پاڵ پابەندبوونی تەواو بە کۆدی دیاریکراوی جلوبەرگ (Dress Code) ئەگەر زانکۆ دەستنیشانی کردبێت. لە کاتی وانەدا دەبێت پرسیاری قوتابی تەنیا لە چوارچێوەی بابەتی زانستیدا بێت و مامۆستاش لە وەڵامدانەوەی پرسیاری دەرەکی ئازاد کراوە.
لە رێکارە نوێکاندا بەکارهێنانی مۆبایل لە هۆڵەکاندا قەدەخە کراوە و دەبێت بێدەنگ بکرێت، تەنیا بۆ کاری زۆر نائاسایی بە مۆڵەتی مامۆستا رێگەی دەرچوون دەدرێت، پاشان رێگەپێدانی بەکارهێنانی مۆبایل بۆ مەبەستی فێربوون بەستراوەتەوە بە رەزامەندیی مامۆستای بابەت. هەروەها گرتنی وێنە، تۆمارکردنی دەنگ و ڤیدیۆ لە کاتی وانەدا بەبێ مۆڵەتی مامۆستا و سەرۆک بەش رێگەپێدراو نییە.
حەرەمی زانکۆ تەنیا بۆ کاری زانستییە، چالاکیی حیزبی، سیاسی و ئایینی بێ مۆڵەت قەدەخەیە.
بۆ رەچاوکردنی باری دارایی هەموو قوتابیان و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتیش، لە رێکارەکاندا سازکردنی ئاهەنگی کەسیی وەک رۆژی لەدایکبوون، هاوسەرگیری لە نێو زانکۆدا بە تەواوی قەدەخە کراوە. دروستکردنی گوشار لەسەر هاوپۆلەکان بۆ ئەرکی زانستیی وەک راپۆرت و سیمینار یان نەچوونە پۆل بە یەکجاری رێگری لێکراوە.
بردنەژوورەوەی خۆراک بۆ هۆڵەکان قەدەخە کراوە و تەنیا ئاو رێگەپێدراوە، هێنانی خواردن لە دەرەوە بەبێ مۆڵەتی بەش و راگرایەتی رێگەپێدراو نییە، بردنەژوورەوەی چەک، ئامرازی تووندوتیژی و خواردنەوە کحوولییەکان قەدەخەیە.
لەبارەی دواکەوتنی قوتابییان لە رێکارەکاندا هاتووە، کە قوتابی تەنیا بۆی هەیە تاوەکو 10 خولەک (بیانوو)ی رەوا لە وانە دوا بکەوێت و لە وانەکانی دواتر دەبێت لە کاتی خۆیدا ئامادە بێت، ئەگینا مامۆستا بە نەهاتوو هەژماری دەکات. ماف دراوەتە مامۆستا قوتابیی تێکدەر دەربکات و بە نەهاتوو دایبنێت و دەبێت قوتابی پابەندی رێنمایی کارمەندانی پرسگە بێت لە کاتی پشکنین و داواکردنی ناسنامەدا. هەروەها بڵاوکردنەوەی ریکلامی بازرگانی لە کەمپەس بەبێ مۆڵەت قەدەخە کراوە.
سزای سەرپێچیکاران چییە؟
لە مادەی چوارەمی رێکاری نوێی وەزارەتی خوێندنی باڵا هاتووە، سەرۆکایەتیی بەشە زانستییەکان پابەند کراون بەوەی لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی خوێندندا رۆژێک بۆ ئاراستەکردن (Orientation)ـی قوتابیانی قۆناخی یەکەم تەرخان بکەن بە مەبەستی ئاشناکردنیان بە رێنماییەکانی خوێندن، تاقیکردنەوەکان و ناوەرۆکی ئەم رێکارە نوێیە لە رێی سیمینار یان کۆبوونەوەی گشتییەوە.
بەپێی رێکارەکان، دەبێت حەرەمی زانکۆ تەواو پارێزراو بێت و هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی تێدا نەبێت کە کاریگەریی نەرێنی بکاتە سەر رەوتی فێربوون. باسکردنی بابەتی ئایدۆلۆژی، ئایینی و سیاسی لە هۆڵەکانی وانەدا بە تەواوی قەدەخە کراوە، مەگەر بۆ پێویستیی بابەتە زانستییەکە بێت بە مەرجێک بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لە لایەنگیری و تۆمەتبارکردن گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، نابێت هیچ جۆرە پێکدادانێکی بەرژەوەندی لە نێوان مامۆستا، قوتابی و ستافی کارگێڕیدا هەبێت کە زیان بە پرۆسەی خوێندن بگەیێنێت.
کێشانی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە لە نێو زانکۆدا بە یەکجاری قەدەدە کراوە، مەگەر لەو شوێنانەی کە بە فەرمی بۆ جگەرەکێشان دیاریکراون.
هەروەها تەواوی بەشداربووانی خولەکانی پێداگۆجی، سەنتەری زمان و خولەکانی دیکەش هەمان مادە و رێکاری لێپێچینەوە دەیانگرێتەوە.
بەگوێرەی رێکارەکان، میکانیزمی تۆمارکردنی سەرپێچی دیاری کراوە بەوەی پێویستە سکاڵاکار بە واژۆی خۆی سکاڵاکە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی بەش بکات بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بە زووترین کات. هەروەها تۆمەت دروستکردن و پێشکەشکردنی سکاڵای بێ بەڵگە بە مەبەستی شکاندنی کەسایەتی لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا قەدەخەیە و سەرپێچیکار رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی و دادگا دەکرێتەوە.
لە رێکارەکاندا راگری کۆلێژ و سەرۆکی بەش پابەند کراون کە لە کاتی دەرکەوتنی بەڵگەی سەرپێچیدا دەستبەجێ رێکاری یاسایی بگرنەبەر و نابێت کەمتەرخەمی بنوێنن، پاش ئەوەش بە تووندی باس لە پاراستنی تەواوی نهێنیی ناوی سکاڵاکار کراوەتەوە.
چوارچێوەی سزاکان بە گوێرەی یاسای بەرزەفەتحکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 14ی ساڵی 1991 دیاریکراوە؛ بە جۆرێک ئەو سزایانەی لە دەسەڵاتی راگردان راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن، ئەو سزایانەی لە دەسەڵاتی سەرۆکی زانکۆدان لە لایەن راگرەوە بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆ بەرز دەکرێنەوە، سزاکانی ئاستی وەزیریش لە لایەن زانکۆوە رەوانەی وەزارەت دەکرێن.
لە کاتی هەبوونی تاوان و کەتنیشدا بە پێشنیازی لیژنەی لێکۆڵینەوە دۆسیەکە دەدرێتە دادگای تایبەتمەند. هەمان ئەم سزایانە بە تەواوی بەسەر مامۆستایانی زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە تایبەتەکانیشدا جێبەجێ دەکرێن.


