رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکانی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی رووناکی وەرگرتووە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "ئەوانەی قەرزەکەیان نەداوەتەوە کارەبایان نابڕێت و ئەگەری هەیە قەرزەکەیان بۆ بکرێتە قیست."
داشکاندنەکە لە رۆژی 3ـی ئاب تاوەکو 10ی ئەم مانگە بۆ ماوەی نزیکەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم بریارە لە رێی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە رێژەی 50% جێبەجێ کراوە، کە تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە نێو دامودەزگاکانی حکومەتدا وێنەی نەبووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، ئەم دەستپێشخەرییە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پرۆژەی رووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێکی نوێ، کە تێیدا لە پێناو مسۆگەرکردنی دادپەروەری، هەموو بەکارهێنەران بە شێوەیەکی بەردەوام و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێکی زۆری خەڵکی قەرزەکانیان داوەتەوە، ئەوانەشی کە نەیانداوەتەوە کارەباکانیان نابڕێت چونکە ئەو قەرزانە هی پێش پڕۆژەی رووناکین، بەڵام دەبێت چاوەڕێی رێنمایی نوێ حکومەت و وەزارەتی کارەبا بن، کە ئەگەرێک هەیە بۆیان بکرێتە قیستی مانگانە".
لە 3ی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 50% داشکاندن بۆ قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، 25%ی قەرزی پیشەسازی، بازرگانی و میری بکات.
ئەم داشکاندنانە تەنیا ئەو قەرزە کۆنانەی گرتەوە کە پێش دەستپێکردنی (پڕۆژەی رووناکی) لەسەر هاوبەشان کەڵەکە بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا تاوەکو مانگی 10ـی ساڵی 2025 پێش پڕۆژەی رووناکی و بەبێ داشکاندن تریلیۆنێک و 900 ملیار دینارە.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی رۆژی 10ـی ئاب بە رووداوی گوت: بە هیچ شێوەیەک داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.


.webp&w=3840&q=75)
