رووداو دیجیتاڵ
بە درێژایی ژیانی، رێبین ستار یاریی لەگەڵ ئاگردا کردووە. لە تەمەنی 11 ساڵییەوە ئاسنگەرە و لە زێدی خۆی لە خانەقینەوە بە دوای کاردا لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی عێراق گەڕاوە. هاوکات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکیش چالاکە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناساندن و برەودان بە کارەکەی بەکاردەهێنێت.
بەڵام پێش هەموو شتێک، پیاوێکی خێزاندۆستە. تەنانەت دوای زیاتر لە 12 کاژێر کارکردنی رۆژانەش، هەموو شەوێک دڵنیا دەبووەوە لەوەی کچە چوار ساڵانەکەی، ئاڤێستا، لە باوەش بگرێت تاوەکو خەوی لێدەکەوێت.
رێبین هێندە بە کوردی بە گوێیدا دەچرپاند: "ئەی بابە گیان، ئاڤێستای شیرینم، رووناکیی ژیانی باوکی خۆت"، تاوەکو چاوەکانی لێکدەنا.
رێبین لە خانەقین دەژیا؛ شارێکی زۆرینە کورد بە دانیشتووانێکی بەرچاوی عەرەبەوە لە ناوچەیەکی جێناکۆک کە دەکەوێتە پارێزگەی دیالە و نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە. ئەو لەنێو خەڵکدا بە "رێبین حەداد" ناسرابوو، کە لە وشە عەرەبییەکەی ئاسنگەرەوە وەرگیراوە. تابلۆی دووکانەکەی بە زمانی عەرەبی بوو، وەک چۆن زۆربەی تابلۆکانی دیکەی شارەکە بەو شێوەیەن.
خێزانەکەی رێبین، هاوشێوەی خێزانی نووڕ-ی هاوژینی، لەو خێزانە کوردانە بوون کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا بۆ ناوچە ناکوردییەکانی عێراق راگوێزرابوون. نووڕ لە شاری روومادی لە رۆژئاوای بەغدا لەدایکبووە و تەنیا بە زمانی عەرەبی قسەی دەکرد. خێزانەکەی رێبین دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003 گەڕانەوە کوردستان.
سەرەڕای مێژووی تەعریب و جیاکاری دژی کورد لە خانەقین، رێبین بە ئاسانی لەگەڵ کورد و عەرەبدا تێکەڵاو ببوو. ئەو سەر بە پێکهاتەی ئایینیی کاکەییە، کەمینەیەکی ئایینی کە چەندین جار کراونەتە ئامانجی چەکدارانی داعش. لە ساڵی 2018، یەکێک لە ئامۆزاکانی لەلایەن ئەو گرووپەوە کوژرا. ژیان بۆ رێبین بە ئاسایی بەڕێوەدەچوو، تاوەکو تابلۆیەکی کوردی هەموو شتێکی سەرەوژێر کرد.
تابلۆ کوردییەکە
لە کۆتایی مانگی ئابدا، رێبین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک کورتەڤیدیۆیەکی رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری رووداوی بینی کە تێیدا رەخنەی لە کوردانی خانەقین دەگرت بەهۆی دانەنانی تابلۆی دووکانەکانیان بە زمانی کوردی. سەنگاوی، رۆژنامەڤانی دیار، سەردانی شارەکەی کردبوو تاوەکو لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە لەبارەی کەمیی ئامادەیی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان بدوێت.
رێبین دەڵێت: "هەستم بە برینداری کرد. بیرم کردەوە بۆچی ئەو لە من کوردتر بێت؟"
رۆژی دواتر بڕیاریدا تابلۆ عەرەبییەکەی دووکانەکەی بە تابلۆیەکی دووزمانەی کوردی و عەرەبی بگۆڕێت. گۆڕینی تابلۆکەی تۆمار کرد و لە تیکتۆک بڵاویکردەوە و هانی کوردانی دیکەشی دا هەمان کار بکەن. ڤیدیۆکەی لەلایەن رووداوەوە بڵاوکرایەوە و دەستبەجێ بینەرێکی یەکجار زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆکردەوە. چەند بازرگانێکی کورد ئامادەیی خۆیان دەربڕی پارەی تابلۆ نوێیەکان لە ئەستۆ بگرن، رێبینیش رایگەیاند ئامادەیە کاری ئاسنگەریی تابلۆکان بە بێبەرامبەر بکات.
پاش ماوەیەکی کەم، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەستیان پێکرد. پیاوێک لە رێگەی تەلەفۆنەوە داوای لێکرد بۆ هەندێک کاری ئاسنگەری بچێتە گەڕەکێکی ئارام لەسەر رێگەی مەنزەریە. رێبین بە ماتۆڕسکیلە ئێرانییەکەی چوو بۆ ئەو شوێنە و چاوەڕێی کرد. لەپڕ پیکابێکی پۆلیس لە تەنیشتی راوەستا.
چوار پیاو لێی دابەزین، تیشێرتەکەیان بەسەر سەریدا کێشا، کەلەپچەیان کرد و فڕێیان دایە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە. رێبین دەڵێت: "هاوارم کرد، 'بۆچی دەمبەن؟'" بە دەنگەکەیدا یەکێک لە ئەفسەرەکانی ناسییەوە و پێی گوتبوو: "شەرم ناکەیت؟ ئێمە 15 ساڵە دراوسێی یەکترین."
سەرەتا بردیانە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە خانەقین، دواتریش گواستیانەوە بۆ بەعقووبەی پایتەختی پارێزگای دیالە. رێبین گوێی لێبوو بەڕێوەبەری هەواڵگریی خانەقین بە ئەفسەرەکانی دەگوت: "پێش ئەوەی خەڵک بڕژێنە سەر بنکەکە، لە شار بیبەنە دەر." ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی دابووەوە و دەنگۆی دەستگیرکردنەکەشی لە شاردا بڵاوبووبووەوە.
لە هەواڵگریی بەعقووبە، لێدان دەستبەجێ دەستیپێکرد. رێبین دەڵێت: "هەر کە پێم خستە نێو باڵەخانەکە، چەند ئەفسەرێک دەستیان کرد بە لێدانم و جنێویان پێدام." دواتر لێکۆڵینەوەکە توندوتیژتر بوو: "بە سۆندەیەکی سەوز بەردەوام لە ژێرپێمیان دەدا، لە کاتێکدا بەڕێوەبەری هەواڵگری پێیەکی خستبووە سەر سەرم." ئەفسەرێک بەسەریدا هاواری کردبوو: "کوردە پیس، جوێنت پێدەدەم..." یەکێکی دیکە هاواری کردبوو: "تۆ قەوادی، تۆ تیرۆریستی."
رێبین دەڵێت لێدانەکە نزیکەی 15 خولەکی خایاند و زیاتر لە 40 لێدانی بەهێز بە ژێر پێیەکانیدا کێشرا، لە کاتێکدا ئەو هێشتا نەیدەزانی لەسەر چ تاوانێک دەستگیر کراوە.
لەنێو ژووری تاکەکەسیدا
فڕێدرایە ژوورێکی بچووکەوە کە رووبەرەکەی تەنیا نزیکەی یەک مەتر چوارگۆشە دەبوو؛ هێشتا چاوەکانی بەسترابوون و دەستەکانیشی لە کەلەپچەکرابوون. گوتی: "دەنگی کرانەوەی دەرگاکان تۆقێنەر بوو، چونکە هەمیشە ئاماژە بوو بۆ گەڕێکی دیکەی لێدان."
نزیکەی کاژێرێک دواتر، ئەفسەرەکان رایانکێشایە ژوورێکی دیکە کە تەختێکی نەخۆشخانە و بەتانییەکی لێبوو. ئەفسەری بەرپرس پێی گوتبوو: "سەرت بەرز بکەیتەوە، چاوت دەردەهێنم." ئەوانی دیکە بە "عەقید" بانگیان دەکرد، بەڵام رێبین دڵنیا نەبوو ئایا پلەکەی بەڕاستی عەقید بوو یان نا.
رێبین بیری دەکەوێتەوە: "بەتانییەکەیان وەک یاپراخ لە دەورم پێچایەوە." دەستەکانی بە پەتوو لە پشتەوە بەسترابوونەوە و دەستکراوە بە لێدانی. کاتێک ئەفسەرەکان بە تیرۆریست ناویان برد، رێبین ناڕەزایەتی دەربڕی کە ئەو کاکەییە و گوتی: "چەند ساڵێک لەمەوبەر ئامۆزاکەم لەلایەن داعشەوە شەهید کرا، من چۆن دەبمە تیرۆریست؟ گەورەم من داعش نیم، من کاکەییم، تەنانەت نوێژکردنیش نازانم."
بەڵام ئەفسەرەکان تۆمەتی ئەوەیان خستە پاڵی کە رێبین بۆ ئیسرائیل کار دەکات و پێگەکانی حەشدی شەعبی بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دیاری دەکات. رێبین دەڵێت: "تەواو شڵەژابووم، ئەو لێیدەدام و منیش بە بێدەسەڵاتی هاوارم دەکرد."
ئەشکەنجەدان بە کارەبا
ئەفسەری بەرپرس فەرمانی کردبوو: "وانەیەکت فێر دەکەم. ئامێرە کارەباییەکەم بۆ بهێنن." ئامێرەکە کە لە نێویاندا بە "ساعیقە" ناسراوە، تەیزەرێکی کارەبایی بوو. رێبین دەڵێت: "دوو جار تەزووی کارەبایان خستە سەر پێی راستم، ئەوەندە بەئازار بوو هاوارم کرد و گوتم دان بە هەموو شتێکدا دەنێم کە دەتانەوێت."
لەو کاتەدا ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە کە هەموو گرێکوێرەکانی کردەوە. ئەفسەرەکە پرسیاری لێکرد: "کێ پارەی پێدایت تاوەکو تابلۆی دووکانەکەت بگۆڕیت؟" رێبین ئینجا تێگەیشت کە هەموو دەستگیرکردن و لێدانەکەی پەیوەندی بە تابلۆ کوردییەکەوە هەیە. تاوەکو ئەو چرکەیە تەنانەت بیری لەوەش دەکردەوە کە رەنگە ئەوانەی ئەشکەنجەی دەدەن گرووپێکی "مافیا" بن نەک هێزی دەوڵەت.
ئەو پێداگریی کرد کە تەنیا وشەی کوردیی لە تەنیشت نووسینە عەرەبییەکە داناوە، بەڵام ئەفسەرەکە بە تووڕەییەوە پێی گوتبوو: "نەخێر، ئێوە تێکدەرن (موخەریبن) و خەڵک هان دەدەن بۆ خۆپێشاندان... ئەمڕۆ دەتخەسێنم." بەکارهێنانی وشەی "موخەریب" یادەوەریی سەردەمی رژێمی بەعسی بە بیری رێبیندا هێنایەوە، کە تێیدا دەزگای هەواڵگری بە هەموو ئەو کوردانەی دەستگیری دەکردن دەیگوت "موخەریبین". رێبین بیری لەوە دەکردەوە: "رژێم گۆڕاوە، بەڵام ئەو زاراوە و فەرهەنگە هەر وەک خۆی ماوەتەوە."
دواتر پێنج جار تەزووی کارەبایان خستە سەر ئەندامی نێرینەی. رێبین دەڵێت: "لەو کاتەدا تەواو شکام و دەستمکرد بە هاوارکردن بە هەموو دەنگمەوە. ئازارەکەی ئەوەندە توند بوو بە هیچ شێوەیەک بەرگەی نەدەگیرا." ئەفسەرەکان ناوی نۆ چالاکڤانی کوردیان پێدابوو و فەرمانیان پێکردبوو شایەدی بدات کە ئەوان پارە لە سیاسەتڤانێکی کورد وەردەگرن بۆ نانەوەی پشێوی لە خانەقین، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردبوو کە تەزووی کارەبا دەخەنە نێو چاوەکانیەوە.
دواتر ئەفسەرێک کیسەیەکی نایلۆنی هێنا. رێبین دەڵێت: "ئەفسەرێک کیسە نایلۆنەکەی بە تووندی خستە سەر دەم و لووتم، ئەفسەرەکەی دیکەش بە هەموو هێزی شەقێکی لە سگم دا. لە کاتێکدا لەپێناو هەناسەداندا دەجەنگام، لە هۆش خۆم چوو." ئەو دەڵێت چوار جار لە هۆش خۆی چووە و هەر جارێک بە شەپازلەی تووند بەخەبەریان هێناوەتەوە.
ئەفسەرەکان هەڕەشەی ئەوەیان لێکردبوو کە بە پلایس ددانەکانی دەردەهێنن. کاتێک لە کاتی ئازاردا بە کوردی هاواری کردبوو "وای خوایە"، دووبارە تەزووی کارەبایان لێدابوو و فەرمانیان پێکردبوو بە عەرەبی هاوار بکات. دواتر، لە کاتێکدا دەستەکانی لە پشتەوە بەسترابوونەوە، شەقێکی بەهێزیان لە بەشی سەرەوەی پشتی دابوو؛ بە جۆرێک هەردوو شانی لە جێی خۆیان دەرچووبوون. رێبین دەڵێت: "فەرمانیان پێکردم دابنیشم، بەڵام گوتم ناتوانم. دواتر شەقێکی لە سنگی دا و هەردوو شانم گەڕانەوە شوێنی خۆیان." پێش ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، ئەفسەرێکی دیکە پێڵاوەکەی بە تەواوی خستە سەر سەری و پێی گوت: "ئەمە بۆ ئەوەی لە بیرت بێت کە عەرەب دەتوانێت پێ بنێتە سەر سەری هەموو کوردێک."
دادگاییکردن
رۆژی دواتر، 31ـی ئاب، رێبین و دەستگیرکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی ئەبوو مونتەزەر، بردرانە بەردەم دادگە. ئەبوو مونتەزەر پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن پەیوەندی بوو؛ پێشتر لەنێو ریزەکانی حەشدی شەعبیدا بوو پێش ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بکات، ئەمەش تووڕەیی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ناوەندیی لێکەوتبووەوە.
پێش چوونە ژوورەوە، ئەفسەرەکان هۆشدارییان دابووە رێبین کە لە بەردەم دادوەردا لە دانپێدانانەکەی پەشیمان نەبێتەوە. رێبین دەڵێت: "هەر کە چوومە نێو هۆڵی دادگە، دەستم بە گریان کرد." دادوەر پێی راگەیاندبوو کە بەپێی ماددەی 200 تۆمەتبار کراوە، کە تایبەتە بە سزادانی هاندانی تائیفی، رەگەزی یان نەتەوەیی.
رێبین رووی کردبووە دادوەرەکە و گوتبووی: "جەنابی دادوەر، ئەگەر وەک باوکێک گوێم لێ دەگریت، راستییەکانت پێدەڵێم. بەڵام ئەگەر بمگەڕێنیتەوە بۆ بنکەکە، ئەوا بەو دانپێدانانەی لەژێر ئەشکەنجەدا لێیان وەرگرتووم رازیم." قورئانێک لە بەردەم دادوەرەکەدا دانرابوو. رێبین کاتێک دەستی بۆ قورئانەکە بردووە، لە دادوەرەکە پاڕاوەتەوە و گوتوویەتی: "سوێند بەم قورئانە من بێتاوانم."
بە دادوەری راگەیاندبوو کە تەزووی کارەبایان خستووەتە سەر ئەندامی نێرینەی و لێی پاڕابووەوە نەیگەڕێننەوە بۆ بنکەی هەواڵگری، هەروەها باسی لەوەش کردبوو کە خوێندکاری پەیمانگەی تەکنیکییە و رۆژی دواتر تاقیکردنەوەی کۆتایی هەیە؛ تاکە تاوانیشی تەنیا ئەوە بووە تابلۆی دووکانەکەی لە عەرەبییەوە کردووەتە کوردی و عەرەبی.
رێبین گەڕێندرایەوە بۆ بنکەکە، بەڵام ئەمجارەیان ئەشکەنجە نەدرایەوە. لە دەرەوە، بەبێ ئەوەی ئەو ئاگادار بێت، کەمپەینێکی فراوان بۆ ئازادکردنی دەستیپێکردبوو و بەرپرس و سیاسەتڤانانی کورد دەستیان بە هەوڵ و دەستێوەردان کردبوو. ئەو شەوە خەو نەچووە چاوی رێبین؛ هەموو بیری لای ئاڤێستای کچی بوو: "لە تاو خەم خەریکبوو شێت دەبووم، بەتانییەکەم لە ئامێز دەگرت و وامدەزانی کچەکەمە و لە باوەشمدا دەیخەوێنم."
بەیانیی رۆژی دواتر، بردرایە ژوورێکی دیکە و لەوێ لێیدرا و جنێوی پێدرا. رێبین نزای کردبوو: "هەرچەندە من کاکەییم، بەڵام سەرم بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە و گوتم خودایە، بەو جۆرەی یونس پێغەمبەرت لە نێو سکی نەهەنگەکەدا رزگار کرد، منیش لەم دەردەسەرییە نەجات بدە." دواتر لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا ئازادکرا. لە دەرەوە، جەماوەرێکی زۆر و ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی کورد لە چاوەڕوانیدا بوون. کاتێک گەیشتەوە ماڵەوە، یەکەم کاری ئەوە بوو ئاڤێستای بە توندی لە باوەش گرت و بە کوڵ گریا.
ترس لە گەڕانەوە
رێبین لەو کاتەوە سکاڵای یاسایی لە دژی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری لە بەعقووبە تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا لە دڵەڕاوکێیەکی سەختدایە.
رێبین لە کاتی چاوپێکەوتنەکەیدا لە شاری هەولێر، لە کاتێکدا چای دەخواردەوە، بە من (فازڵ هەورامی)ـی راگەیاند: "هەرگیز باوەڕم نەدەکرد لە عێراقدا ئەشکەنجەی لەو شێوەیە مابێت."
دواتر بۆی دەرکەوتووە کە کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای عێراقەوە کردووە، لەنێویاندا وەزیری داد و سەرۆککۆماری عێراق، تاوەکو گوشار بکەن بۆ ئازادکردنی.
لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتەدا، نە گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە و نە دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئامادە نەبوون هیچ روونکردنەوە و لێدوانێک لەسەر ئەم تۆمەت و دەستدرێژییانە بدەن.
ئێستا رێبین بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەوەی کە ئایا دەتوانێت جارێکی دیکە بە سەلامەتی و ئارامی لە خانەقین بژی یان نا. ئەو دەڵێت: "هیچ شتێک نییە بتوانێت رێگرییان لێبکات لەوەی جارێکی دیکە بۆم بێنەوە."


