رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرێکی خەڵکی کەرکووک، کارمەندێکی ئاسایش تۆمەتبار دەکات بەوەی بە ناوی کڕینی زەویی شارەوانی بە زیادکردنی ئاشکرا، 236 ملیۆن دیناری لێسەندووە و بۆی ناگەڕێنێتەوە؛ تۆمەتبارکراوەکەش دەڵێت، هاوبەشی بازرگانی بوون و پرۆسەکە زیانی کردووە نەک فێڵ.
مەهدی نەجم عەبدوڵڵا، فەرمانبەر لە گرتووخانەی فیدراڵیی چەمچەماڵ و دانیشتووی کەرکووک، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کەسێک بە ناوی (جەبار کەمال) کە کارمەندی ئاسایش بووە و لە شارەوانیی کەرکووک راییكاری مامەڵەکان بووە، بە ناوی کڕینی چەند پارچە زەوییەکی نایابی رووکن لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە، بڕی 236 ملیۆن دیناری لێوەرگرتم."
ئەو هاووڵاتییە کە کوڕی شەهیدە گوتی: "بۆ دابینکردنی ئەو پارەیە زەویی خۆم و باوکم فرۆشت و 85 ملیۆن دیناریش قەرزار بووم، لە بەرامبەر ئەو پارەیەشدا کۆمپیالەیەکی 300 ملیۆن دیناری لە دادنووس بۆ کردم، بەڵام دواتر دەست بەدەستی پێکردم و زەوییەکانیشی تاپۆ نەکرد؛ 9 مانگە سکاڵام لەسەری تۆمارکردووە و بۆ هەولێر هەڵاتووە."
جەبار کەمال جەبار سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی: "ئەم قسانە دوورن لە راستییەوە؛ ئێمە پێکەوە شەریک بووین و ئیشەکە بازرگانی بووە. زەوییەکان زەوی زیادکردنی ئاشکرا بوون و کاتێک پرۆسەکە تێکچوو، پارەکە بەپێی یاسا چووە بۆ حکومەت و فەوتاوە، پەیوەندی بە خواردنی پارەوە نییە."
جەبار کەمال پشتڕاستیکردەوە کە ئێستا لە هەولێرە، بەڵام گوتی، ئامادەیە لە بەردەم دادگەدا رووبەڕووی لایەنی بەرامبەر ببێتەوە.
سەبارەت بە رێڕەوی یاسایی دۆسیەکە، محەممەد سامی، پارێزەری مەهدی نەجم، بە رووداوی راگەیاند: "دادگای کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە و گشتاندنی بۆ کراوە؛ نووسراوی فەرمیش ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر و لایەنە ئەمنییەکان کراوە بۆ دەستگیرکردنی، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە."
پارێزەرەکە گوتیشی، دۆسیەکە کۆمپیالەی فەرمیی لە دادنووس لەسەرە و بەڵگەکان فەرمین و چاوەڕێی دەستگیرکردنی تۆمەتبارن تاوەکو ماف بۆ خاوەنەکەی بگەڕێندرێتەوە.

