رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە هەولێر، سیمینارێکی تایبەتی بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بزووتنەوەی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان سازکرد، کە تێیدا تیشک خرایە سەر رەگ و ریشەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی و گەشەسەندن مێژوویەکەی.
هەردوو توێژەری کورد، د. ئازاد ئەحمەد عەلی و سیامەند حاجۆ، لە بەردەم ژمارەیەک لە سیاسەتڤانان، توێژەران، رۆژنامەڤانان و نووسەراندا، بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگەنامە و شایەتحاڵیی مێژوویی، وێستگە دیارەکانی مێژووی رێکخستنی سیاسیی کوردییان لە رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کرد.
بەڵگەنامەی نوێ بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژووی سیاسیی کورد
لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، د. ئازاد ئەحمەد عەلی روونیکردەوە کە ئامانج لەم لێکۆڵینەوە هاوبەشە، دووبارە خوێندنەوە و نوێکردنەوەی مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییە لە رووی رێکخستنەوە، بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامە نوێیانەی لە ساڵانی رابردوودا دەرکەوتوون.
ئازاد ئەحمەد عەلی ئاماژەی بەوە کرد، دەستیان بە ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەی گرنگ لە ئەرشیڤی زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەدا گەیشتووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەڵگەنامانە "دەرفەتی دووبارە دۆزینەوەی مێژووی بزووتنەوەی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەپێی بەڵگە دەڕەخسێنن."
لە بەشی یەکەمی بابەتەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو بەڵگەنامانەی سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی سیاسی، رێکخراوەیی و سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان تۆمار دەکەن، پێش ئەوەی باس لە رەهەندی کوردستانی لە بزووتنەوەی سیاسیی دامەزرێنەردا بکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، د. ئازاد باسی لەوە کرد، ئەوەی پێی دەگوترێت "هەڵەیەکی باو" بریتییە لەو باوەڕەی گوایە کوردستان بەسەر چوار پارچەدا دابەشکراوە و بزووتنەوەی سیاسی لە هەر بەشێکدا لە سفرەوە دەستیپێکردووە و رێڕەو و تایبەتمەندییەکی تەواو جیاوازی هەبووە؛ گوتیشی: "ئەمە راست نییە، چونکە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی یەک بزووتنەوە بوو."
لە سیڤەرەوە تاوەکو لۆزان؛ کورد لە گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا
د. ئازاد ئەحمەد عەلی ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە جیهان و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستکرد و بووە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە بەئاگاهاتنەوە لە نێو بزووتنەوەی کوردی و کوردستانیدا، هاوتەریب لەگەڵ چالاکییەکی دیپلۆماسیی رێکخراوی کوردستانی لە ماوەی ساڵانی جەنگ و دوای جەنگیشدا.
ئەو توێژەرە باسی لەوە کرد، بەشداریکردنی کورد لە کۆنفرانسی ئاشتی لە سیڤەر، کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، ئەوە دەسەلمێنێت کە کوردستان وەک لایەنێکی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەیی هەبووە، هەروەها پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا پێشکێش کرا.
روونیشیکردەوە کە شکستهێنانی پڕۆژەی سیڤەر بووە هۆی چەسپاندنی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە لە پەیماننامەی لۆزانی ساڵی 1923دا بەبێ پێدانی ئەو مافانەی کورد داوای دەکردن و گوتیشی، سنوورەکانی ئێستای ناوچەکە لەو قۆناخەدا لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی دوای لۆزاندا جێگیر کران.
هەروەها باسی لەوە کرد، خەباتی کورد لە نێوان ساڵانی 1920 بۆ 1925 گرنگییەکی زۆری هەبووە و چالاکیی دیپلۆماسی و سەربازیی لەخۆگرتبوو و کورد لایەنێکی کاریگەر بووە لەو پێشهاتانەدا.
لەو چوارچێوەیەدا، د. ئازاد ئەحمەد عەلی بەڵگەنامەیەکی پەیوەندیدار بە بنەماڵەی ئیبراهیم پاشای میللی خستەڕوو کە پێشانی دەدات کورد رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە رزگارکردنی شاری دێرەزوور و ناوچەکانی جەزیرەی سووریا لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە نێوان ساڵانی 1920 بۆ 1921، هەروەها فەرەنسا لەو قۆناخەدا پشتیوانی لە کورد کردووە و سوپاسی هاوکارییەکانی کردووە.
ئازاد ئەحمەد عەلی باسی لەوەش کرد، فەرەنسییەکان لەو سەردەمەدا بەڵێنیان دابوو پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بکەن، لە نێو سنوورێکدا کە بەپێی بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتە لەوانەیە بەرتەسک یان فراوان بووایە. گوتیشی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات، واتە جەزیرە، لەو سەردەمەدا بە هیچ جۆرێک بەشێک نەبووە لە سووریا و جەختی کردەوە کۆی ئەم پێشهاتانە پێشانی دەدەن کە دروستبوونی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە بووە. ههروهها سەرکەوتنی ئەنقەرە وای لە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دۆزی کورد کرد کە ئەنادۆڵ بەجێبهێڵن و پەنا بۆ دیمەشق و بەیرووت ببەن، یان لە ناوچە کوردییەکان و گوندەکانی دەوروبەری نیشتەجێ بن و لەوێوە بەردەوامی بە خەباتی سیاسیی خۆیان بدەن.
بەڵگەنامە دەربارەی رێکخستنی سیاسیی کورد لە ساڵی 1926دا
لای خۆیەوە، سیامەند حاجۆی توێژەر سێ بەڵگەنامەی خستەڕوو و رایگەیاند، هەبوونی رێکخستنێکی سیاسیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 1926ـەوە دەسەلمێنن؛ پێکهاتەی رێکخستنەکە زیاتر لە پێکهاتەی پارتێکی سیاسی دەچوو، چونکە سەرۆک، لێژنەی باڵا و لێژنەی ناوەندیی هەبووە.
حاجۆ روونیکردەوە یەکێک لە بەڵگەنامەکان بریتییە لە نامەیەک کە لەلایەن دکتۆر ئەحمەد سەبری، سەرۆکی عەشیرەتی لۆلانەوە ئاراستەی ژەنەراڵ بیلۆت، بەرپرسی باڵای سەربازیی فەرەنسا لە سووریا و لوبنانی ئەو سەردەمە کراوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، ئەحمەد سەبری بە ناوی "کۆنگرەی رزگاریخوازی کوردستان" رێکخستنەکەی ناساندووە و داوای دامەزراندنی حکومەتێکی لە کوردستان کردووە، هەروەها داوای لە فەرەنسا کردووە پشتیوانی و پاراستن بۆ کورد دەستەبەر بکات.
سیامەند حاجۆ باسی لەوەش کرد، بەڵگەنامەکانی دیکەی هەمان سەردەم پێشانی دەدەن رێکخستنەکە خاوەنی دیدگایەکی کوردستانی بووە کە سنوورەکانی سووریای تێپەڕاندووە؛ بەجۆرێک یەکێک لە نامەکان باسی لە سێ بەشی کوردستان کردووە (باکوور، باشوور و رۆژهەڵات) و داوای یەکگرتنەوە و رزگارکردنی کوردستانی کردووە.
بەڵگەنامەکان هەروەها هەڵوێستی رێکخستنەکە بەرامبەر بە تورکیا ئاشکرا دەکەن، کە داوایان لە فەرەنسا کردووە بیانپارێزێت لە تورکەکان، کە لە نامەکەدا بە "سەرسەختترین دوژمن"ی کورد ناویان براوە.
لە نێو ئەو ناوانەی پەیوەندییان بەو رێکخستنەوە هەبووە: ئەمین بێریخان و حاجو ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی هەڤێرکا بوون؛ بەڵگەنامەکانیش واژۆی ئەندامانی "لیژنەی ناوەندی"ـیان پێوەیە، ئەمەش بەپێی لێکدانەوەکان هەبوونی پێکهاتەیەکی روونی رێکخستن نیشان دەدات.
هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی خۆییبوون
حاجۆ گوتی بەشێک لەو داواکارییە سیاسییانەی لە نێو ئەو بەڵگەنامانەدا هاتوون، بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ ئەو داواکارییانەدا یەکدەگرنەوە کە دواتر لەلایەن کۆمەڵەی "خۆییبوون"ـەوە داوا کران؛ روونیشیکردەوە کە ئەمین بێریخان و حاجۆ ئاغا لە بەشداربووانی کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆییبوون بوون لە بەیرووت لە ساڵی 1927دا.
حاجۆ کەمیی زانیاری لەبارەی ئەم رێکخستنەی بۆ هۆکاری سیاسی و مێژوویی گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد چالاکیی سیاسیی کوردی لەو قۆناخەدا وەک پێویست بەڵگەدار نەکراوە، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە راپۆرت و بەڵگەنامەی فەرەنسی کە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە نێوان ساڵانی 1920 بۆ 1926 تۆمار دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، کامەران حاجۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا (PDK-S) داوای کرد لێکۆڵینەوە و وردبینیی زیاتر لەبارەی دامەزراندنی یەکەمین رێکخستنی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستاندا بکرێت. کامەران حاجۆ گوتی، بابەتەکە پێویستی بە دۆزینەوەی بەڵگەنامەی زیاترە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئایا ئەم رێکخستنە بە راستی پارتێکی سیاسی بووە کە خاوەنی بەرنامەیەکی روون و داواکاریی سیاسیی دیاریکراو بووبێت یان نا.
بزووتنەوەی داواکاریی ئۆتۆنۆمی
سەبارەت بە داواکارییە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، حوسێن عومەر، رۆژنامەڤان لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کۆنگرەی تۆپز، کە لە 4ـی تەممووزی 1937 بە بەشداریی 15 سەرکردەی کورد، لەگەڵ 11 کەسایەتیی کریستیان و سێ سەرۆک عەشیرەتی عەرەبی ناوچەی جەزیرە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک داواکاریی سیاسیی روونی خستەڕوو.
حوسێن عومەر روونیکردەوە، دیارترین داواکاری بریتی بوو لە پێدانی ئۆتۆنۆمی بە ناوچەکە و بەڕێوەبردنی لەلایەن خەڵکەکەی خۆیەوە، هەروەها داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ دامەزراندنی فەرمانبەر و کارگێڕان لە دانیشتووانی ناوچەکە.
ئەو رۆژنامەڤانەی رووداو گوتی، ئەم داواکارییانە گوزارشت بوون لە خواستی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەسەڵاتی ناوەندی لە دیمەشق، ئاماژەی بەوەش کرد کە داواکارییەکانی ئەو کۆنگرەیە لەگەڵ جەزیرەدا وەک ناوچەیەکی خاوەن تایبەتمەندیی کوردی مامەڵەیان کردووە.
سەبارەت بە هەمان کۆنگرە، سیامەند حاجۆ باسی لەوە کرد، بەشداربووانی کۆنگرەی تۆپز یاداشتنامەیەکیان بە داواکارییەکانیانەوە ئاراستەی کۆمەڵەی گەلان کردووە و گوتی، زیاتر لە پەنجا یاداشتنامە و نامە سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد رادەستی ئەو کۆمەڵەیە کراون.
لای خۆشیەوە، د. ئازاد ئەحمەد عەلی باسی لەوە کرد، ناوچەکە لە ساڵی 1937دا شایەتحاڵی راپەڕینێکی بەرفراوان بووە، کە تێیدا راپەڕیوەکان ئەو پارێزگارەیان دەستبەسەر کرد کە لەلایەن دیمەشقەوە دانرابوو و فەرمانبەرانی حکومەتیان دەرکرد؛ ناوچەکەش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشق مایەوە.
سیمینارەکە بە چەندین سەرنج، پرسیار و پێشنیازی بەشداربووان کۆتایی هات کە بەشدارییان کرد لە دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە و تیشکخستنە سەر لایەنە جیاوازەکانی مێژووی بزووتنەوەی سیاسی و رێکخراوەیی لە رۆژئاوای کوردستان.

