رووداو دیجیتاڵ
سەید موتەڵیب تاهیری، برای سەید عیزەدین تاهیری، کە تۆمەتبارە بە رفاندن و کوشتنی کچێک بە ناوی نیلوفەر مجاویری لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵگەنامەیەکی مارەبڕینی بۆ رووداو نارد و رایگەیاند کە ئەوان ببوونە ژن و مێرد. هەروەها رەتیدەکاتەوە براکەی پەیوەندیی بە هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هەبێت.
سەید موتەڵیب تاهیریی تەمەن 31 ساڵ کە کاسبکارە و دانیشتووی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 7-9-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەید عیزەدینی برای رۆژی 1-9-2026 لای مامۆستای ئایینی و بە فەرمی، نیلوفەر مجاویریی لێ مارەکراوە.
لەبارەی چۆنیەتیی مارەبڕینەکە سەید موتەڵیب دەڵێ:" مارەبڕینەکە بە ئامادەبوونی شەش شاهێد کرا. من و سەید لوقمانی مامم لەوێ ئامادە بووین. مامۆستایەک بەناوی سەڵاح فەلاحی بە فەرمی مارەی بڕی. مامۆستا خۆی لە ورمێ دادەنیشێت، ئەو رۆژە هاتبووە پیرانشار. جا ئەمڕۆش پێی گوتم کە مارەبڕینەکە بە تەواوی فەرمی و یاساییە و هەر کاتێک دادگە داوا بکات، ئامادەیە بڕوات و پشتڕاستی بکاتەوە".
"بریاڕ بوو لە دادگەش مارەی ببڕن"
لەبارەی ئەوەی کە ئایا بۆچی تەنیا لای مامۆستای ئایینی مارەی بڕدراوە و لە دادگە کاریان لەسەر نەکردووە، سەید موتەڵیب تاهیری گوتی:"ئەمەش لە بەرنامەدا بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی کاتەوە نەکرا. ئەگەرنا نەریت وایە دوای مارەبڕینی لای مامۆستا، دایاننابوو بڕۆنە دادگە".
"براکەم ئەندام یان پێشمەرگەی هیچ حزبێک نییە"
سەید موتەڵیب هەروەها رەتیدەکاتەوە، سەید عیزەدینی برای ئەندامی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی بێت؛ پشتئەستوور بە لایەنیک تاوانی لە دژی نیلوفەر کردبێت و گوتی:"پێشتر دوو ساڵ پێشمەرگەی پارتی ئازادی بووە، بەڵام ماوەی سێ ساڵ بەر لە ئێستا وازی هێنا. ئێستا بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندییەکی بەو حزبەوە نییە. ئەو لێرە دەژیا و لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە میوەدا کاری دەکرد".
لەم چەند رۆژەدا وێنە و ڤیدیۆی نیلوفەر لەلایەن خزمانییەوە بۆ رووداو نێردران و بڵاوکرانەوە. لەو وێنانەدا ئاسەواری زۆری برین لەسەر جەستەی ئەو کچەدا هەیە. هەروەها خزمانی نیلوفەر دەڵێن، کچەکەیان تەنانەت نانیشی پێنەدراوە.
"من سەردانی براکەم و نیلوفەرم کرد و ئەوکات هیچ کێشەیان نەبوو"
سەید موتەڵیب تاهیری رەتیدەکاتەوە نیلوفەر ماوەی سێ رۆژ دەست و قاچی بەسترابێتەوە و نانی پێ نەدرابێت، هەروەها گوتی:"براکەم شەوێک کچەکەی هەڵگرت و دواتریش مارەی کرد. ماوەی دوو رۆژ لە تەورێز بووبوون. دوو رۆژیش لە کارگەیەکدا کاریان کردووە. کەسێک کارەکەی بۆ دۆزیبوونەوە. منیش جارێک سەردانم کردن و هیچ کێشەیەکی وەهایان نەبوو. راستە کێشە لە نێوانیان دروست بووە، بەڵام ئێمە و خانەوادەی نیلوفەریش، نازانین وردەکاریی ئەو کێشانە چی بوون".
"براکەم ئەو کچەی کوشتووە و ملکەچی یاساین"
لەبارەی ئەوەی کە نانی پێنەدراوە، سەید موتەڵیب بە رووداوی گوت:"عیزەت لە زیندانی نەغەدەیە و من ئەمڕۆش قسەم لەگەڵیدا کرد. دانی بەوەدانا و گوتی لەو کچەی داوە و لێدانەکەش بە شەق و زللە بووە. راستە ئەو براکەم لەو کچەی داوە و کوشتوویەتی. ئەمە تاوانە و ئێمەش وەکو بنەماڵەی خۆمان زۆر پێی ناڕەحەتین. ئێمەش خوشکمان هەیە بەو کارە زۆر دڵگرانین. با یاساش سەروەر بێت، جا ئەگەر سزاکەی سێدارە بوو با براکەم لەسێدارە بدرێت. ئێمە یاسا بە سەروەر دەزانین".
"خۆی نانی نەدەخوارد"
سەید موتەڵیب تاهیری دەڵێ کاتێک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ براکەی کردووە، لێی پرسیوە کە ئایا چی لە نێوانیان روویداوە کە بەوجۆرە ئەشکەنجەی نیلوفەری داوە؟ موتەڵیب بە رووداوی گوت:"سەید عیزەت وەڵامی ئەوەی نەدامەوە و گوتی ئەمەیان خۆم دەیزانم. راستییەکەی منیش زۆرم لێی نەکرد، من ناشمەوێ سەردانی بکەم و بینینم. هەر بە تەلەفۆن ئەو قسانەمان کرد. لەبارەی نان خواردنیش براکەم دەڵێ، بەردەوام نانی بۆ بردووە، بەڵام نیلوفەر نەخۆشیی خوێنی هەبوو و خۆی نانی نەدەخوارد".
"پێشتر بە ماڵی نیلوفەرمان گوتووە کە براکەی ئێمە بەکەڵکی خزمایەتی نایەت"
سەید موتەڵیب هەروەها رەتیکردەو،ە کە براکەی نیلوفەری رفاندبێت و گوتی:" نیلوفەر بە ویستی خۆی لەگەڵ براکەم لە ماڵ دەرچووە. رۆژی 25-8-2026 مارەکراوە. بەڵگەکەشمان ئەمڕۆ 7-9-2026 وەرگرتووەتەوە. شاهێدیش هەیە و ئەوەتا بەڵگەکەم بۆ رووداو نارد، چونکە بۆ خانەوادەی ئێمەش ناخۆشە کاتێک دەڵێن کچەکەیان رفاندووە. لە بابەتی ئاگادارکردنەوەی ماڵی کچەکەش، مامم قسەی لەگەڵ باوکی نیلوفەر کردووە. برام قسەی لەگەڵ دایکی کردووە. ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو کوڕەی ئێمە کێشەی دەروونیی هەیە و پێشتر خەڵکی کوشتووە. پێشیان گوتراوە کە دروست نییە ئێمە خزمایەتی بکەین. سەید عیزەتی برام رۆژانە قسەی لەگەڵ باوکی نیلوفەر کردووە".
ئەمە لەکاتێکدایە سوهەیلا مەهدیزادە، پووری دایکی نیلوفەر رەتی دەکاتەوە هیچ یەک لە خزمانی تاهیری پەیوەندییان بە ماڵی نیلوفەرەوە کردبێت و گوتی:"ئەو برایەی سەید عیزەدین تاهیری کە لە گوتەکانی بۆ رووداو باسی ئەوە دەکات، گوایە قسەی لەگەڵ دایکی نیلوفەر (فریشتە) کردووە، راست ناکات. با برۆن و سەیری تەلەفۆنەکەی بکەن، ئەمڕۆ تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە و هەموو شتێک دەردەکەوێت. بەدڵنیاییەوە هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی وەها لە ئارادا نەبووە".
"خوێنی براکەم لە ماڵی نیلوفەر حەڵاڵ بێت"
سەید موتەڵیب رایگەیاند، کە ئەوان وەکو خانەوادەی تاهیری، سەید عیزەتیان رەتکردووەتەوە و بە هیچ جۆرێک پشتگیریی ئەو کارانەیان نەکردووە کە ئەنجامیداون. هیچ کاتێکیش لەگەڵی نەبوون و براکەیان کێشەی دەروونیی هەیە.
هەروەها گوتی:"براکەم تاوانبارە و خوێنی لەو ماڵە حەڵاڵ بێت، بەڵام با دەنگۆ و زانیاریی هەڵە بڵاونەکرێنەوە، چونکە بۆ هەردوو خانەوادەمان شوورەییە و خراپە".
سەید عیزەدین تاهیری چۆن گیرا؟
سوهەیلا مەهدیزادە کە پووری دایکی نیلوفەرە لە لێدوانێکدا بە رووداوی گوت:" کەسێکی نەناسراو وێنەی سەید عیزەدین تاهیریی بۆ ناردووە. گوایە ئەو کوڕە سەرەتا لای کۆڵبەران بووە و دواتریش پەنای بۆ چەند ماڵێک لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بردووە و خۆی بە پێشمەرگە ناساندووە".
سوهەیلا مەهدیزادە هەروەها گوتی:"ئەو تاوانبارە داوای لە خەڵکەکە کردووە، پارەی بۆ کۆ بکەنەوە و بۆ باشووری کوردستان بەرێی بکەن. منیش پەیوەندیم بە فریشتەوە کرد و دڵنیابوومەوە کە ئەو وێنانە وێنەی ئەون، دواتریش بڵاوم کردەوە. ئەوە بوو کۆڵبەرێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە وێنەکەی بینیبوو، راستەوخۆ هەواڵی دابوو. سەید عیزەدین تاهیری لە نزیک خاڵی سنووریی بانە و لە شوێنێک کە زۆری نەماوە بگاتە باشووری کوردستان، دەستگیرکراوە".
هەر ئەوکات دەستگیرکرانی تاهیری پشتڕاستکرایەوە
رۆژی شەممە 05-09-2026، عەلیڕەزا هاتفی، داواکاری گشتیی پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، عیزەدین تاهیری، تۆمەتباری ئەشکەنجەدان، برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر نیلوفەر مجاویریی تەمەن 28 ساڵ لە سنووری بانە دەستگیرکراوە.
ئێستا سەید عیزەت تاهیری لە گرتووخانەی نەغەدەیە و هەردوولا چاوەڕێی دەستپێکردنی پرۆسەی دادگەن.



