رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سلێمانی توانی رێکۆردێکی جیهانیی نوێ بشکێنێت و ناوی خۆی و کوردستانی لە کتێبی گینسی جیهانیدا تۆمار بکات. لە رێگەی چاندنی 6 هەزار درەختەوە، درێژترین رستەی نووسراو بە درەخت لەسەر ئاستی جیهان لە سلێمانی دروستکرا، بەوەش رێکۆردی پێشووی وڵاتی ئیماراتی تێپەڕاند.
ئەم دەستکەوتە جیهانییە
بەرهەمی رەنجی 3 مانگی کارکردنی بەردەوامی 4 مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانییە.
پڕۆژەکە کە تێچووەکەی 36 ملیۆن دینار بووە، تێیدا ناوی "زانکۆی سلێمانی"
بە درەختی (مۆرد) لەسەر رووبەری 3600 مەتر دووجا نەخشێنراوە.
نەوبەهار مستەفا،
مامۆستای زانکۆی سلێمانی و خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە، لەبارەی چۆنییەتی دەستپێکردنی کارەکەیان
بە روداوی گوت: "رۆژێک لەگەڵ خێزانەکەم هاتم بۆ بینینی ئەو گردە، هەر لەوێ بیرۆکەکەم
بۆ هات و دەستمان بە داڕشتنی پلانەکە کرد تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتە ئەم ئەنجامە."
هێمن عەزیمە، مامۆستایەکی
دیکەی بەشدار لە پڕۆژەکە، باس لە هۆکاری هەڵبژاردنی جۆری درەختەکە دەکات و دەڵێت:
"بۆیە درەختی مۆردمان هەڵبژاردووە، چونکە بەرگەی سەختیی کەشوهەوا و بێئاوی دەگرێت
و هەمیشە سەوز دەمێنێتەوە."
تێپەڕاندنی رێکۆردی
ئیمارات ئەم نووسینە کە بە 6 هەزار درەخت و بە درێژیی 180 مەتر و پانیی 20 مەتر لەسەر
گردێکی نێو کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی نەخشێنراوە، گەورەتر و درێژترە لەو رێکۆردەی
کە پێشتر بەناوی وڵاتی ئیماراتەوە تۆمار کرابوو. پڕۆژەکە بە هاوکاری و پشتگیریی کۆمپانیای
(ساوس کوردستان) ئەنجامدراوە.
یادگار فایەق، بەڕێوەبەری
پەیوەندییەکان و میدیای کۆمپانیای ساوس کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بەم سەرکەوتنە دەربڕی
و رایگەیاند: "رێکۆردی پێشووتر لە ئیمارات بوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بەم
پڕۆژە نایابە ناوی سلێمانی و زانکۆکەمان ببەینە ناو کتێبی گینسەوە و پێگەی کوردستان
لەو بوارەدا بەرز بکەینەوە."
زانکۆی سلێمانی
کە ساڵانە بە 4 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا، وانە بە 25 هەزار خوێندکار دەڵێتەوە، دەیەوێت
ئەم رێکۆردە بکاتە هاندەرێک بۆ سەوزکردنی زیاتری ژینگەی کوردستان. زانکۆکە داوا لە
خوێندکارە تازە وەرگیراوەکانی دەکات ساڵانە نەمامێک بڕوێنن تاوەکو "شارە حەیاتەکە"
هەمیشە بە سەوزی بمێنێتەوە.

