رووداو دیجیتاڵ
دوای زیندووبوونەوەی پرسی زمانی کوردی لە خانەقین، دەزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی فراوان بۆ چەسپاندنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لەسەر تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان دەستپێدەکەن. بەرپرسانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هۆشداری دەدەن کە هەر تابلۆیەک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، لێدەکرێتەوە و مۆڵەتی نوێ ناکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "بڕیار لەبارەی گۆڕینی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان بۆ زمانی کوردی دراوە؛ ئێمە رێگە بە هیچ شوێنێک نادەین کە زمانی کوردی لەسەر تابلۆکەی نەنووسرابێت."
سەبارەت بە بەکارهێنانی زمانەکانی دیکە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی: "کێشەمان لەگەڵ زمانەکانی دیکە نییە، بەڵام دەبێت ناوی سەرەکی بە گەورەیی و بە کوردی نووسرابێت، پاشان زمانەکانی دیکە؛ هەر شوێنێک پابەند نەبێت تابلۆکەی لێدەکرێتەوە."
دهۆک؛ چاودێریی بەردەوامی بازاڕ دەکرێت
شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک، ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پێویستە نووسینی کوردی لەسەر تابلۆکان سەرەکی بێت. گوتیشی: "لیژنەکانمان بە بەردەوامی چاودێریی بازاڕ و شوێنەکان دەکەن؛ رێگە بە هیچ تابلۆیەک نادرێت ئەگەر زمانی کوردی تێدا سەرەکی نەبێت."
سلێمانی؛ بەستنەوەی مۆڵەت بە زمانی کوردییەوە
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئاماژەی بە لایەنە یاساییەکەی پرسەکە کرد و بە رووداوی راگەیاند، ئەم هەنگاوە پاڵپشتە بە یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2014 (یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان).
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "هیچ مۆڵەتێکی کارکردن نادرێت و نوێ ناکرێتەوە تاوەکو تابلۆی شوێنەکە نەکرێتە رێنووسی کوردی. سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە."


.webp&w=3840&q=75)
