رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەڵێ، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر بارەگاکانمان لە بەرزییەکانی سۆران، بالیسان و کەمپی جێژنیکان. هێرشەکان بە سێ درۆن ئەنجامدران و تەنیا زیانی مادییان هەبوو."
هاوکات لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بڵاویکردەوە: "هێرشەکان لەنێوان کاژێر 2:30 بۆ 2:40ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کران".
بەپێی راگەیێندراوەکە، "سەرەتا بە سێ درۆن هێرش کراوەتە سەر بەرزاییەکانی بالیسان و دوای ماوەیەکی کەمیش کەمپی جێژنیکان لە نزیک هەولێر کراوەتە ئامانج، کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکراتە".
بەپێی ئامارەکانی حدکا، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 156 مووشەک و درۆن ئاراستەی بنکە، بارەگا، کەمپی بنەماڵەکان و بنکە تەندروستییەکانی ئەو حیزبە کراون.
دژەتیرۆری کوردستانیش رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر لە ماوەی زیاتر لە دوو کاژێردا تێکشکێندران.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، شەوی سێشەممە 01-09-2026، سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی ئێران دەستپێکرد.
لە بەرامبەردا میدیای ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان "ئۆپەراسیۆنێکی یەکلاییکەرەوە"یان بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بە 993 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.
.webp&w=3840&q=75)



