رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران باڵۆنە چاودێرییەکەی ئەمریکای لە
ئاسمانی هەولێر کردە ئامانج و لەکاریخست، دوو سەرچاوەی ئەمنی هەواڵەکەیان بۆ
رووداو پشتڕاستکردووتەوە.
تێکشکانی باڵۆنە چاودێرییەکەی ئاسمانی هەولێر، لە چوارچێوەی هێرشە پێچەوانەکەی
سوپای پاسدارانی ئێران بوو بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سوپای پاسداران بە ژمارەیەک درۆن بنکەی ئەمریکای لە فڕۆکەخانەی هەولێر و
بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی لە هەولێر کردە ئامانج.
دوو سەرچاوە ئەمنییەکە بە رووداویان گوت، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی سوپای
پاسداران، سیستمی راداری لە ئاسمانی هەولێر پێکراوە.
باڵۆنەکە، کە پێشتر بەردەوام لە ئاسمانی هەولێردا دەبینرا، بەیانیی رۆژی چوارشەممە لە ئاسماندا دیار نەبوو.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان "هێرشێکی هاوبەشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر، کە تێیدا ناوەندێکی چاککردنەوە و کۆگەکانی کەرەستەی تەکنیکیی سەربازیی ئەمریکا، هەروەها سیستمی رێنماییکردنی باڵۆنی سیخوڕیی ئەمریکا لە بنکەکەدا وێران کراون؛" گوتیشی: "هێزەکانی سوپای پاسداران کۆگەکانی سووتەمەنی بنکەکەیان سووتاندووە و ژمارەیەک لە هێرشکارانیان [ئەمریکی] کوشتووە."پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،
دووان لە بارەگاکانیان کە یەکێکیان دەکەوێت ناوچەی جێژنیکان لە باکووری هەولێر و ئەو
دیکەیان لە بالسیانە، بە سێ درۆن کراونەتە ئامانج.
هێرشە درۆنییەکەی ئێران دوای هێرشی سوپای ئەمریکا دێت بۆ سەر 100 پێگەی
سوپای پاسداران لەنێو خاکی ئێران.
باڵۆنەکە چییە؟
ئەم باڵۆنە پێی دەگوترێ (PSS-T)کامێرای زۆر پێشکەوتووی چاودێریی شەو و رۆژی
تێدایە، بە بازنەی 360 پلە بۆ مەودای نزیکەی 50 کیلۆمەتر دووریی دەبینێت و سەرچاوەی
هەموو هێرشێک ئاشکرا دەکات.
ئەم باڵۆنە پێشتر لە سەربازگەی ئەمریکییەکان
لە عەین ئەسەد لە ئەنبار و سەربازگەی کەی وەن لە کەرکووک هەبووە.
کۆمپانیای (ناڤمار) بۆ زانستی کارپێکراو (NASC) ئەم سیستمە بەڕێوە دەبات.
وەک بەڵێندەری سەرەکی، ئەم کۆمپانیایە سەرپەرشتی ئەندازیاری، دابینکردن، کۆکردنەوە،
تاقیکردنەوە و جێگیرکردنی 60 سیستمی باڵۆنی PSS-Tـی لە دەرەوەی ئەمریکا کردووە کە زیاتر لە
400 کارمەند سەرپەرشتییان دەکەن.


