رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر لە ماوەی زیاتر لە دوو کاژێردا تێکشکێندراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026، لە کاژێر 01:13 تاوەکو 03:31، هێزەکانی هاوپەیمانان 10 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە سنووری ئاسمانی پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستنە خوارەوە."
وەکو دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی پێداوە، درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە."
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئاسمانی پارێزگای هەولێر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە پارێزراوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، شەوی سێشەممە 01-09-2026، سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی ئێران دەستپێکرد.
لە بەرامبەردا میدیای ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان "ئۆپەراسیۆنێکی یەکلاکەرەوە"یان دژی ئامانجەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە.
سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت، بەحرێن و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژرانی عەلی خامنەیی دەستیپێکرد، ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار. دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکە بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کۆتایی هات، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بە 984 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.
تەنیا لە مانگی ئابدا، هەرێمی کوردستان بە 22 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر. جگە لە زیانە مادی و ژینگەییەکان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە دوو کەس بریندار بوون.



