رووداو دیجیتاڵ
بازاڕ و دووکانەکانی کەرکووک پڕ بوون لە جلی ئاڵوواڵای باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان؛ بۆ یەکەمجار ئەمساڵ یەکپۆشیی قوتابییان و خوێندکارانی کورد لە کەرکووک و خورماتوو هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی لێدەکرێت.
دووکانداران هەموو ئەو جۆرە
جلانەیان هێناوە کە بۆ یەکپۆشیی خوێندنی کوردیی ئەمساڵ دیاریکراون، بەڵام ئاماژە
بە گرانبوونی نرخەکەی و زەحمەتی لە بەدەستگەیشتنی دەکەن.
ئەحمەد عەبدوڵڵا، دووکاندارێک
لە کەرکووک لەبارەی هۆکاری گرانبوونی جلەکان بە رووداوی راگەیاند: "لای ئێمە
دروست ناکرێت و لە سلێمانی و هەولێرەوە بۆمان دێت؛ رێگەوبانیش گوشاری لەسەرە و
ناکرێت بە ئاسانی ئەو جلوبەرگە بێتە ئەمدیوەوە."
لە لایەکی دیکەوە، بەشی خوێندنی
کوردی لە پەروەردەی کەرکووک دڵنیایی دەدات کە بابەتی یەکپۆشی بڕیاری لێدراوە و
گشتاندن بۆ هەموو قوتابخانە و خوێندنگەکان کراوە تاوەکو کەسووکاری قوتابییان
ئاگادار بکەنەوە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی
خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکووک لەبارەی هۆکاری رێککەوتنەکە بە رووداوی گوت:
"رێنمایی وەزارەتمان دەرکردووە چونکە خوێندنی کوردی تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی و تێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزیری پەروەردە دکتۆر ئالان و
دکتۆر عەبدولکەریم عەبتان، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک لەو تێگەیشتنە
ئاگادار کرایەوە."
هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی
پەروەردەی کەرکووک لە سەرەتادا ناڕازی بوو لەم سیستەمە یەکپۆشییە، بەڵام ئێستا رایدەگەیێنن
کە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی کۆتایی نووسراویان ئاراستەی بەغدا کردووە.
مەنسوور مزری، بەڕێوەبەری گشتیی
پەروەردەی کەرکووک لەبارەی رێکارە یاساییەکان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە
لایەنی رێگەپێدراو نین بۆ نیشاندانی ڕەزامەندی، بەڵکو وەزارەتی فیدراڵی
تایبەتمەندە. نووسراوێکمان بەرز کردووەتەوە بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردە عەبدولکەریم
عەبتان تاوەکو فەرمانێک بڵاو بکاتەوە کە یاسایی بێت و هەمووان پێی رازی بن."
لە سنووری کەرکووک و خورماتوو،
زیاتر لە 100 هزار منداڵی کورد لە نزیکەی 550 باخچەی ساوایان، قوتابخانە و
خوێندنگەدا بە زمانی کوردی دەخوێنن.
