رووداو دیجیتاڵ
"من کوردم، بۆچی تابلۆی
دووکانەکەم بە عەرەبی بێت؟" ئەمە ئەو پرسیارە بوو کە بووە هۆی دەستبەسەرکردنی
رێبین ستاری ئاسنگەر بۆ ماوەی دوو رۆژ لە دیالە، تەنیا لەبەر ئەوەی زمانی تابلۆی
دووکانەکەی لە عەرەبییەوە کردبووە کوردی. ئێستا رێبین ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە
نێو کەسوکارەکەی لە خانەقین.
رێبین ستار، ئاسنگەری ئازادکراو
لەبارەی ئازادبوونی و پشتیوانیی هاونیشتمانییانەوە بە رووداوی راگەیاند:
"مەمنوونم بۆ گشتتان، بۆ ئەو کەسەی پۆستی لەسەرم کردووە و ئەوەی قسەیەکی باشی
کردووە، چاوی گشتتان ماچ دەکەم؛ سوپاس بۆ خوا باشم و گەڕامەوە ناو ماڵی خۆم."
لەگەڵ ئازادکردنی رێبین ستار و
کامەران وەیس (ناسراو بە ئەبوو منتەزەر)، بەڵام گوشارەکان لە شارەکەدا کۆتاییان
نەهاتووە. لە چەند ڕۆژی رابردوودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 16 کەسی دیکە دەرچووە کە
تەنیا داوای مافە دەستوورییەکانی خۆیان کردووە؛ تاوەکو ئێستاش ئەو فەرمانی
دەستگیرکردنانە هەڵنەوەشاوەتەوە و دۆسیە یاساییەکانیان لە دادگەی دیالە بە کراوەیی
ماونەتەوە، بەمەش ئەو چالاکڤانانە لە ژێر پەردەی یاسادا رووبەڕووی ڕاوەدوونان
بوونەتەوە و ناتوانن بە ئازادی هاتووچۆ بکەن.
ئازاد حەمید، فەرمانبەر لە
خانەقین لەبارەی فەرمانی دەستگیرکردنی گەنجانەوە بە رووداوی گوت: "هیوادارم
ئەو فەرمانی گرتنەی لەسەریانە هەڵبوەشێتەوە؛ گەنج دڵیان گەرمە و ئەگەر شتێکیشیان
وتبێت قەیچێکا، با عەفو بكرێن."
عومران عادل، فیتەر لە خانەقین
ئاماژەی بە ناڕوونیی داهاتووی شارەکە کرد و بە رووداوی راگەیاند: "وێنەی ئەو
پیاوەمان لێهاتووە کە ژنەکەی تەڵاق داوە؛ دەچێتە لای دایکەکە دەڵێت بڕۆ بۆ لای
باوکت، دەچێتە لای باوکیشی دەڵێت بڕۆ بۆ لای دایکت! وەک خانەقین مەسیرمان
مەجهوولە."
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە،
شاندێکی لایەنە کوردییەکان و ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکان سەردانی بەغدایان کرد و
یاداشتێکی 12 خاڵییان پێشکەشی سەرۆککۆمار و هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی مادەی 140
کرد. داوای سەرەکییان کۆتاییهێنانە بە جێبەجێنەکردنی یاسای ژمارە 3 و گەڕاندنەوەی
زەوییە کشتوکاڵییەکان، تاوەکو مادەی 140 تەنیا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز نەمێنێتەوە.
گۆڕانی دیمۆگرافیای خانەقین
نیگەرانیی لای دانیشتووانە ڕەسەنەکەی دروستکردووە. مەحموود عەلی، مامۆستا لە
خانەقین بە رووداوی گوتی: "لە ناو خانەقین پیاسە دەکەم، چوار پێنج کەس
ناناسم؛ هەمووی عەرەب و غەریبەیە."
هاوکات نازم موسا، مامۆستایەکی
دیکەی شارەکە ئاماژەی بە تەنگپێهەڵچنینی هاونیشتمانییان کرد و گوتی: "ئێمە
لەم شارەدا بووینەتە غەریب، کەچی لە شاستاکاندا قاچم ئیفلیج بووە."
