رووداو دیجیتاڵ
پشووی هاوین لای هەر 9
قوتابخانەکەی تۆڕی سابیس لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێش هەموو ناوەندەکانی دیکەی
خوێندن کۆتایی هات؛ رۆژی 1ی ئەیلول زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا. لە قوتابخانەی
شوەیفاتی نێودەوڵەتی لە هەولێر، بۆ ئەمساڵ 200 قوتابیی نوێ پەیوەندییان بە
خوێندنەوە کردووە.
لە بەیانیی زووەوە قوتابییان بە
پەرۆشەوە روویان لە قوتابخانە کرد. ئیسرا کەمال، قوتابیی پۆلی 6 لەبارەی
دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە بە رووداوی راگەیاند: "چەند مانگ بوو حەزم لێبوو
دەست بە خوێندن بکەمەوە و دەستوخەتم جوانتر بکەم؛ لە هاوین بێزار ببووم و حەزم لە
قوتابخانەیە."
هاوکات گەهی کاروان، قوتابییەکی
دیکەی پۆلی 6 بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کارتێکم وەرگرت کە لەسەری نووسرابوو
کاتێک گەورە بووم دەبم بە چی؛ بۆ من وادەرچوو کە دەبمە پزیشک تاوەکو هاوکاریی خەڵک
بکەم."
بۆ دایک و باوکانیش یەکەم رۆژی
خوێندن پڕ بوو لە هەستی خۆشی. تانیا جاف، دایکی سالیی قوتابیی پۆلی 12 لە بارەی
هەستی خۆیەوە بە رووداوی راگەیاند: "پێنجەمین ساڵە سالی لە شوەیفات دەخوێنێت.
زۆر خۆشحالەم و سوپاس بۆ خودا کە توانی بگاتە پۆلی 12؛ پشت بە خودا بە سەرکەوتوویی
دەردەچێت و بڕوانامەیەکی باشمان بۆ دەهێنێتەوە."
ئەمساڵ 170 قوتابی لە پۆلی 12
لە قوتابخانەی شوەیفاتی هەولێر دەخوێنن. هەرچەندە قوتابییانی هەموو قۆناخەکان
گرنگن، بەڵام سەرنجی تایبەت لەسەر پۆلی 12یە؛ بۆ ئەم مەبەستەش لە یەکەم رۆژدا
چالاکیی "خۆرهەڵاتن"یان بۆ رێکخستن کە تێیدا جگه لە نانی بەیانیی
بەکۆمەڵ، ئامادەکاریی دەروونییان بۆ دەکرێت تاوەکو ساڵێکی بێ فشار و پڕ لە کۆشش
بەڕێبکەن.
یانا عەلی، قوتابیی پۆلی 12
ئاماژەی بەوە کرد: "خوێندن کاری لەپێشینە و ژمارە یەکە لێرە."
هەروەها رۆنیا جوتیار،
قوتابییەکی دیکەی پۆلی 12 بە رووداوی گوتی: "مامۆستایان و تەواوی ستافەکە زۆر
یارمەتیمان دەدەن و بۆ هەر تاقیکردنەوە و ئەرکێک ئامادەمان دەکەن و پشتگیریمان لێ
دەکەن."
ستیفان کیلنهانز، بەڕێوەبەری
قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی - هەولێر لەبارەی ئامانجی پەروەردەیییانەوە بە
رووداوی راگەیاند: "فێرکردن هەمیشە کاری لەپێشینەمانە. دەمانەوێت دڵنیا
ببێنەوە کە قوتابییەکانمان تەواوی تواناکانی خۆیان پیشان دەدەن. کار دەکەین تاوەکو
ئەوان بەتەواوی ئامادە ببن بۆ گۆڕانکارییەکانی جیهان چونکە جیهان بە خێرایی لە
گۆڕاندایە؛ هەموو کارێک دەکەین تاوەکو بناغەیەکی باشیان بۆ دروست بکەین."
تەنیا لە قوتابخانەی شوەیفاتی
نێودەوڵەتی لە هەولێر، ئەمساڵ 2,251 قوتابی لە باخچەی ساوایان تاوەکو پۆلی 12
دەخوێنن، کە لە 50 نەتەوەی جیاواز پێکدێن.



