رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی شوێنەواریی کۆتابەرچەم لە ئامەد، کارگەیەکی مس دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 9000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. وەزیری کولتووری تورکیا دەڵێت، ئەم دۆزینەوەیە تیشک دەخاتە سەر یەکەمین هەنگاوەکانی مرۆڤ لە بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا.
لە ناوچەی شوێنەواریی کۆتابەرچەم (چایۆنو) لە شارۆچکەی ئەرخەنی سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان، شوێنەوارناسان کارگەیەکی تایبەت بە کانزای مس-یان دۆزیوەتەوە، کە رووبەرەکەی نزیکەی 5 مەتر دووجایە. مێژووی ئەم شوێنە بۆ ساڵانی 6900 تاوەکو 6800ی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
تەکنەلۆژیایەکی پلان بۆ داڕێژراو
محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا رایگەیاند، ئەم دۆزینەوەیە دەیسەلمێنێت نەریتی کانزاکاری لەم ناوچەیەدا بۆ ماوەی 2000 ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوام بووە. گوتیشی، "لەوێ نموونەی بەردی مەلاکیت، مسی خاو و کەلوپەلی دروستکراو لە مس دۆزراونەتەوە."
دکتۆر ساڤاش ساریئاڵتون، سەرۆکی تیمی هەڵکۆڵینەکە ئاماژەی بەوە کرد، کارگەکە بە شێوەیەکی زانستی دروستکراوە. ئەو دەڵێت، "زەوییەکەی بە بەرد راخراوە و نیشانەی 6 ستوونمان تێدا دۆزیوەتەوە، کە دەریدەخەن شوێنەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە بۆ پیشەی کانزاکاری."
ئامەد؛ پێشەنگی پیشەسازیی جیهان
لە کاتی هەڵکۆڵینەکاندا، 18 نموونەی بەردی مەلەکیت و مس لە ناوەندی کارگەکە و نزیکەی 25 نموونەی دیکەش لە دەوروبەری دۆزراونەتەوە.
شوێنەواری کۆتابەرچەم وەک یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی سەردەمی بەردینی نوێ لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم دۆزینەوە نوێیە بەڵگەیەکی مێژوویی بەهێزە کە نیشانی دەدات دانیشتووانی ئەم ناوچەیەی باکووری کوردستان، لە یەکەمین پێشەنگەکانی گواستنەوەی مرۆڤ بوون لە راوچییەتییەوە بۆ قۆناخی کشتوکاڵ و پیشەسازیی کانزاکاری.



