رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پارێزگای ئامەد، بارودۆخ و مەرجەکانی گرتووخانەی کراوەی ئامەدی لە باکووری کوردستان خستە بەردەم پەرلەمانی تورکیا و داوای لە وەزیری دادی تورکیا کرد، وەڵامی پرسیارەکانی لەسەر رەوشی زیندانیان بداتەوە.
جەیلان ئاکچا جوپۆلۆ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد بە نووسراو چەند پرسیارێکی ئاراستەی ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا کرد و رایگەیاند، "لە بەشێک لە هۆڵەکاندا نزیکەی 150 زیندانی دەمێننەوە و بەهۆی کەمیی شوێنەوە نزیکەی 50 کەس ناچار کراون لەسەر زەوی بخەون. هەروەها ئاسانکاریی خۆشۆردن تەنیا مانگی جارێک رێگەی پێدەدرێت، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی جیددیی تەندروستی."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەشڵێت، زیندانیان تەنیا لە کاتی قەیرانی تەندروستیی سەختدا دەنێردرێن بۆ نەخۆشخانە، هەروەها پرسیاری لەبارەی نەبوونی سیستمی ئاگادارکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە، دەرچەی فریاگوزاری و رەفتاری نەشیاوی پاسەوانەکان ئاراستەی وەزیری داد کرد و داوای کرد لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە بنێردرێتە گرتووخانەکە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 سەزگین تانریکولو، پەرلەمانتاری پارتی نوێ لە ئامەد رەوشی زیندانیانی لە گرتووخانەی کراوەی ئامەدی بردە پەرلەمان، لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بە نووسراوێک 21 پرسیاری ئاراستەی وەزیری دادی تورکیا کردووە و داوای روونکردنەوە لەسەر رەوشی گرتووخانەی کراوەی ئامەدی کرد.
دەم پارتی و بەشێک لە پارتەکانی دیکەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا بەردەوام چاودێریی رەوشی زیندانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن.
گرتووخانەی کراوەی ئامەد توانای حەواندنەوەی 800 زیندانیی هەیە و لە 20ی حوزەیرانی 2013 بە رەزامەندیی وەزارەتی داد لە گرتووخانەی داخراوی ئامەد جیاکرایەوە.
ئەو گرتووخانەیەکە لە کارگەیەکی کۆنی تووتندا دروستکراوە، ماوەیەکی درێژە رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە بەهۆی خراپی رەوشی زیندانیان، نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست و قەرەباڵخیی نێو گرتووخانەکە کە لەسەرووی توانای خۆی، گیراوی تێدایە.



