رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنن، هادی رووبووسە، ژینگەپارێزی ناسراوی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تاوەکو ئێستا شوێن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزەکانی ئیتلاعاتی مەریوان بەبێ پێشاندانی فەرمانی دادگە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هادی رووبووسە و دەستگیریان کردووە. دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر رووداوەکەدا، بەدواداچوونی بەردەوامی خێزانەکەی بۆ زانینی چارەنووسی، هیچ ئەنجامی نەبووە.
هادی رووبووسە یەکێکە لە چالاکڤانە ژینگەپارێزە دیارەکانی مەریوان؛ پێشتر لە کاتی بەشدارییکردنی لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی زاگرۆسدا، بە سەختی بریندار بووە.
ئەو چالاکڤانە لە چوارشەممەی رابردووەوە دەستگیر کراوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، بڵاونەکراوەتەوە.

