رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دانیشتنێکی دادگە بۆ دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بکرێت. گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوان دەڵێت، بە مادەی 56 دادگەیی دەکرێن بە پاساوی رێککەوتن بۆ کوشتن.
لاهوور شێخ جەنگی چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر، کە یەکەم جار 12ی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 14ی ئایار بوو. بڕیار بوو 1ی حوزەیران دادگەیی بکرێتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگە نەکرا. لە سێ جاری چوونی بۆ دادگە، دوو جار دادگەیی کرا و جارێکیش هیچ گوتەیەکی لێ وەرنەگیرا.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "27 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە زیندان ماونەتەوە، بەڵام لە دانشیتنی داهاتوودا کە 3ی ئەیلوولە، 12 کەسیان دادگایی دەکرێن."
هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید حاجی خالید لەو کەسانەن کە ئەم پێنجشەممەیە دادگایی دەکرێن.
سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان، دانا تەقیەدین گوتی: "بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن تۆمەتبار کراون، بەڵام دانیشتنی 3ی ئەیلوول تەنیا لەسەر مادەی 56 دادگەیی دەکرێن، کە تایبەتە بە رێککەوتن بۆ تاوانێکی کوشتن".
لە مادەی 56دا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی ڕێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جناية) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە سەد و پەنجا دینار تێپەڕ نەکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحة) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4) ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
27ی ئابی 2025 و دوای پێنج رۆژ لە رووداوەکانی لالەزار، ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆ و دانپێدانانی کۆمەڵێک کەسی بڵاو کردەوە؛ گوایە بە هاوکاریی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، ویستوویانە لە رێگەی چەکی جیاوازەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەنە ئامانج. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دادگەییکردنی پێنجشەممە تایبەتە بەو تۆمەتە.
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی گوتی: "ئەوەی بڵاو کرایەوە تەنیا تۆمەتێک بووە و هیچ تاوانێک دوای ئەوە نەکراوە، بەڵام ئەگەر تۆمەتەکەش ساخ بکرێتەوە، بەگوێرەی یاسا دەبێت تۆمەتباران بە سێ بۆ حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن. خۆ ئەگەر کوشتن هەبووایە لەو تۆمەتانەدا، ئەوا سزاکە جیاواز دەبوو."
ئەو پارێزەرە پشتبەست بە دانیشتنەکانی پێشووی دادگە پێیوایە: "لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەکی بەهێزی نییە دۆسیەکە یەکلا بکاتەوە و دەستگیرکراوان حوکم بدرێن، چونکە ڤیدیۆیان بڵاو کردووەتەوە گوایە قەناس براوە بۆ هەوڵەکە لەنێو فەرشدا، وەکو لە ڤیدیۆکاندا بە ئاشکرا دیارە فەرشەکان لار بوونەتەوە و ئاماژە نین بۆ ئەوەی چەکیان تێدا بێت."
پارێزەر دانا تەقیەدین گوتی: "روون نییە هیچ بڕیارێکی کۆتایی لە دانیشتنەکەی 3ی ئەیلوولدا دەدرێت یان نا، بەڵام دوای ئەم تۆمەتەش مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن لە دۆسیەکەدا هەیە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی لە 22ی ئابدا، کە هێرش کرایە سەر هۆتێل لالەزار، کوژراو لە هەردوولادا هەبووە."
لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
