رووداو دیجیتاڵ
لە خانەقین، تابلۆی دووکانێک بووەتە هۆی دەستگیرکردنی خاوەنەکەی. رێبین
ستار، کە پیشەی ئاسنگەرە و باوکی دوو منداڵە، تەنیا لەبەر ئەوەی زمانی تابلۆی
دووکانەکەی لە عەرەبییەوە گۆڕیوە بۆ کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر
کراوە و ئێستا لە پشت شیشەکانی زیندانە.
رێبین لە خێزانێکدا گەورە بووە کە پاراستنی زمان و شوناسی کوردی لایان
پیرۆزییە، بەڵام ئێستا باجەکەی بە زیندانیکردن دەدات.
ستار محەممەد، باوکی رێبینی ئاسنگەر لەبارەی دەستگیرکردنی کوڕەکەیەوە بە
رووداوی راگەیاند: "کوڕەکەی من تەنیا تابلۆکەی کردووەتە کوردی، ئایا ئەمە
تاوانە؟ ئەو سێ برا و دوو منداڵی هەیە و هەموویان ناویان کوردییە. ئێمە کوردین و
دەمانەوێت بە زمانی خۆمان بنووسین، بەڵام لەسەر ئەمە دەستگیر دەکرێین."
ئەم دەستگیرکردنە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی گرژییەکی زۆر لە شارەکەدا.
بڕیار بوو ئێوارەی رۆژی 31-08-2026 کاژێر 17:30، خۆپێشاندانێکی جەماوەری بۆ
داواکردنی جێبەجێکردنی مادەی 140 و رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای خانەقین
ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی فشارە ئەمنییەکانەوە رێگری لە بەڕێوەچوونی کرا. لەم
چوارچێوەیەدا، هێزە عێراقییەکان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 16 چالاکڤان دەرکردووە
و تاوەکو ئێستاش دوو کەسیان دەستگیر کراون.
سەلام عەبدوڵڵا، یەکێک لە چالاکڤانانی شارەکە بە رووداوی گوت: "گوشارێکی
زۆر خرایە سەر چالاکڤانان و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 16 کەسمان دەرچووە؛ تاوەکو
ئێستاش دوو لە هاوڕێکانمان گیراون. بەهۆی ئەم بارودۆخە ئەمنییەوە، خۆپێشاندانەکە
بۆ کاتێکی دیکە دواخرا."
ئاڵۆزییەکانی خانەقین گەیشتووەتە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەش. بڕیارە
رۆژی چوارشەممە 09-09-2026 قایمقامی خانەقین لەبەردەم ئەنجوومەنەکە ئامادە بێت
تاوەکو روونکردنەوە لەسەر دۆخی شارەکە و دەستگیرکردنی چالاکڤانان بدات.
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەبارەی ئامانجی
ئامادەبوونی قایمقام بە رووداوی راگەیاند: "میواندارییەکە بۆ چەند بابەتێکی
خزمەتگوزاریی پەیوەست بە قەزای خانەقینە و راوێژکردنێکی تایبەتە بە کێشەی
خزمەتگوزارییەوە."
لەکاتێکدا لە شارەکەدا نووسینی تابلۆیەک بە زمانی ئینگلیزی بێ هیچ کێشەیەک
تێدەپەڕێت، بەڵام گۆڕینی تابلۆی دووکانی هاونیشتمانییەکی خانەقینی لە عەرەبییەوە
بۆ زمانی دایکی، بووەتە کێشە و گوشارێکی نوێ بۆ سەر شارەکەی ئەڵوەن؛ تا ئەو
رادەیەی ئەم کارە بە "هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی" ناو
دەبرێت.

