رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامی وەرگەڕانی تراکتۆرێک لە کاتی کارکردندا، کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، رووداوەکە لە ناو کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا روویداوە. ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی گوندی (بەردەڕەش)ـە و بریندارەکەش خەڵکی گوندی (وشکەڵان)ـی سەر بە شاری مەریوانە.
ساڵانە لە وەرزی کارکردنی کشتوکاڵیدا، بەهۆی نەبوونی رێگەی گونجاو و کۆنیی ئامێرەکان، چەندین رووداوی وەرگەڕانی تراکتۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار دەکرێن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەزگای دادپزیشکیی ئێران، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ و کارکردن بە ئامێرەکان گیان لەدەست دەدەن. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 19540 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوی جۆراوجۆری هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.

