رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا حکومەتی سووریا هەوڵ دەدات سیستەمی خوێندن لە رۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت، نەوەی نوێی ئەو ناوچەیە کە زیاتر لە 10 ساڵە بە زمانی دایکیان دەخوێنن، بڕیاریانداوە دەستبەرداری زمانەکەیان نەبن. قوتابییەک دەڵێت: "ئەگەر خوێندن بکرێتە عەرەبی، لە حەوشەی قوتابخانە بە کوردی دەخوێنین، بەڵام ناچینە ناو پۆلەکان."
ئەو سیستەمە پەروەردەییەی کە لە ساڵی 2014ـەوە لە رۆژئاوای کوردستان پەیڕەو دەکرێت، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە. بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا بۆ کەمکردنەوەی وانە کوردییەکان، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لای قوتابییان و خێزانەکانیان دروست کردووە.
"زمانی کوردی دڵخۆشیی ئێمەیە"
لەیان حەسەن، قوتابیی پۆلی حەوتەم لە شاری حەسەکە، یەکێکە لەو دەنگە بوێرانەی کە نوێنەرایەتیی نەوەی "شۆڕشی زمان" دەکات. لەیان کە لە یەکەم رۆژی چوونە قوتابخانەیەوە تەنیا بە کوردی خوێندوویەتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە "نوورۆژ"ـی رووداو، پێداگریی خۆی و هاوڕێکانی نیشان دا.
لەیان دەڵێت: "زمانی کوردی زۆر خۆشە و زۆر حەزم لێیەتی. کاتێک بە کوردی دەخوێنم، هەست بە دڵخۆشییەکی گەورە دەکەم. هەرگیز قبووڵی ناکەم بە زمانێکی دیکە بخوێنم."
ئەو قوتابییە هەڕەشەی بایکۆتکردنی پۆلەکان دەکات و دەڵێت: "ئەگەر قوتابخانەکانمان ببنە زمانی عەرەبی، ئێمە کتێبەکانمان هەڵدەگرین و دەچینە حەوشەی قوتابخانە. لەوێ دەخوێنین بەڵام ناچینە ناو ئەو پۆلانەی وانەی عەرەبییان تێدا دەگوترێتەوە."
نیگەرانیی خێزانەکان؛ "برا بچووکەکەم نازانێت عەرەبی چییە"
چیرۆکی خێزانی لەیان، نموونەی هەزاران خێزانی دیکەی رۆژئاوای کوردستانە. لە کاتێکدا برایەکی گەورەی لەیان پۆلی 12ـی بە زمانی کوردی تەواو کردووە، ئێستا مەترسی لەسەر پاشەڕۆژی برا بچووکەکەی هەیە کە بڕیارە ئەمساڵ دەست بە خوێندن بکات.
لەیان دەڵێت: "برا بچووکەکەم کاتێک دەبیستێت رەنگە زمانەکە ببێتە عەرەبی، تووشی سەرسوڕمان دەبێت و دەپرسێت: زمانی عەرەبی چییە؟ چونکە ئەو تەنیا بە کوردی گەورە بووە."
لەیان بانگی دایکان دەکات کە پشتگیریی منداڵەکانیان بکەن و دەڵێت: "خوێندن بە کوردی وەک جلی کوردی وایە، چۆن شانازی بە جلەکانمانەوە دەکەین، دەبێت شانازی بە زمانەکەشمان بکەین."
بڕیارەکەی دیمەشق چییە؟
ئەم گرژییانە دوای ئەوە هاتن، کە وەزارەتی پەروەردەی سووریا بڕیارێکی نوێی دەرکرد بۆ سنووردارکردنی زمانی کوردی، کە تێیدا:
-تەنیا سێ وانە بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکرێت.
-وانە زانستییەکانی وەک بیرکاری و فیزیا و کیمیا دەبنەوە بە عەرەبی.
-خوێندکاران تەنیا بۆ یەک ساڵ مافی هەڵبژاردنیان لە نێوان کوردی و عەرەبیدا بۆ وانە وێژەییەکان دەبێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، لە رۆژئاوای کوردستان هەزاران مامۆستا بۆ خوێندنی کوردی راهێنراون و کتێبی هەموو قۆناغەکان چاپ کراون، بۆیە خەڵکی ناوچەکە ئەم هەنگاوەی دیمەشق وەک "پاشەکشە لە مافە سەرەتاییەکان" دەبینن.



