رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکی خەڵکی بۆکانی پارێزگای ورمێ لە رکابەریی نێودەوڵەتیی وێنەگری ( IPA)ـدا چوار خەڵاتی بەدەستهێنا کە یەکێکیان میدالیای بڕۆنزە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، زیاتر لە 14 هەزار وێنە لە 139 وڵاتەوە لە رکابەرییەکەدا بەشدار بوون.
ئەمڕۆ شەممە 29-08-2026، رەزا عەباسی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کولتووری شاری بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، (شێرکۆ مام ئاغا) هونەرمەندی خەڵکی شارەکە لە رکابەریی نێودەوڵەتیی وێنەگری ( IPA)ـدا کە لە ئەمریکا بەڕێوەچووە، لە چوار بواری جیادا خەڵات کراوە.
شێرکۆ مام ئاغا لەبارەی رکابەرییەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە 20 وێنەوە بەشداری کردووە و بەگشتی زیاتر لە 14 هەزار وێنە لە 139 وڵاتەوە لە رکابەرییەکەدا بەشدار بوون.
بەگوتەی ئەو هونەرمەندە کوردە، شەش لە وێنەکانی لە رکابەرییەکەدا گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و سێیانیان رێزلێنان (Honorable Mention)ـیان پێبەخشراوە.
وەک شێرکۆ مام ئاغا دەڵێت، یەکێک لە وێنەکانیشی کە تایبەت بووە بە رێوڕەسمی هەزار دەفی گوندی پاڵنگانی پارێزگای سنە، پلەی سێیەمی جیهانی لە بەشی ''رووداو، نەریت و کولتوورەکان'' بەدەستهێناوە و میدالیای بڕۆنزی بردووەتەوە.
رێزلێنانەکانیشی لە رکابەرییەکەدا بۆ سێ وێنە لە بوارەکانی ''پۆرترەی هونەری''، ''خەڵک و منداڵ'' و ''خەڵک و شێوەی ژیان''، بەخشراوەتە ئەو هونەرمەندە کوردە.
شێرکۆ مام ئاغا ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە رکابەرییەکەدا بەشدار بوون، ''بەڵام من توانیم بەرزترین خەڵات لەنێو بەشداربووانی کوردستان بەدەستبهێنم.''
شێرکۆ لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە و تاوەکو ئێستا وێنەکانی لە چەندین رکابەریی جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆییدا خەڵات کراون.
بەشێک لە خەڵاتەکانی شێرکۆ مام ئاغا:
ساڵی 2025 میدالیای زێڕی لە ناوەندی هونەریی سیلە لە تورکیا وەرگرتووە.
ساڵی 2025 میدالیای زیوی رکابەریی نێودەوڵەتیی (WPE) لە فەرەنسا.
ساڵی 2024 میدالیای زیوی رکابەریی نێودەوڵەتیی (WPE) لە فەرەنسا.
ساڵێ 2024 میدالیای بڕۆنز لە رکابەریی نێودەوڵەتیی تاجیکستان
ساڵی 2024 میدالیای بڕۆنز لە رکابەریی نێودەوڵەتیی (UV Award)
چەندین رێزلێنان، خەڵاتی تایبەت و میدالیای دیکە.
رکابەرییە نێودەوڵەتییەکانی وێنەگری (IPA) یەکێکە لە رکابەرییە ناسراوەکانی بواری وێنەگرتن لە ئاستی جیهاندا کە تێیدا ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی وێنەگرانی وڵاتانی جیاواز لە بەشی جۆراوجۆردا دەکرێت و بەهۆی گرنگییەکەی، خەڵاتەکانی بە ''ئۆسکاری جیهانی وێنەگری'' ناسراون.

