رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بە بەشداریی ئەکتەرە سەرەکییەکان و ستافی فیلمەکە، رێوڕەسمی فەرشی سووری فیلمی سینەمایی (ماڵی نەنە) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. بەرهەمهێنەری فیلمەکەش رایدەگەیێنێت، تەنیا لە دوو رۆژی نمایشدا زیاتر لە چوار هەزار و 300 بلیتی فیلمەکە فرۆشراون.
رۆژی شەممە، 29ـی ئاب فەرشی سووری فیلمەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو. سیروان جەمال، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە کە رۆڵی (باپیرە) دەگێڕێت لە نمایشەکە ئامادە بوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فیدباکی خەڵک بۆ فیلمەکە زۆرباشە، چونکە کارێکی پەروەردەییە بۆ دایکان، باوکان، منداڵان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە. خەڵکێکی زۆر لە بەتەمەنەکان و منداڵان هاتوون پێمان دەڵێن، خۆیان لەنێو چیرۆکی فیلمەکەدا دەبیننەوە."
ئەو ئەکتەرە سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد کە وەک سپۆنسەری میدیایی هاوکاری فیلمەکە بووە و گوتی: "سوپاسی رووداو دەکەین کە وەک ئێمە هاتووەتە نێو فیلمی ماڵی نەنە."
زین رەوەز، ئەکتەرێکی منداڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا، خۆشحاڵیی خۆی بە کاردانەوەی بینەران نیشاندا و گوتی: "خەڵکێکی زۆر پێشوازییان لە فیلمەکە کردووە و زۆر دڵخۆشم."
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) لەسەر فەرشی سوور لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "رووداو زۆر بە زیادەوە هاوکاری کردووین و شایەنی هەزار جار سوپاسە."
رۆژی 26ـی ئەم مانگە رێوڕەسمی فەرشی سووری فیلمەکە بۆ یەکەم جار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. رۆژی دواتر فیلمەکە لە سینەماکانی باشووری کوردستان نمایش کرا.
باهۆز نەسرەدین گوتی: "تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 300 بلیت فرۆشراوە. تەنیا دوێنێ لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکووک و کەلار زیاتر لە دوو هەزار و 300 بینەری هەبووە."
فیلمی (ماڵی نەنە) لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە و تێچووی فیلمەکە 200 هەزار دۆلارە.
نمایشی فیلمەکە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و رۆژانە لە کاژێر 01:30ـی نێوەڕۆ تاوەکو 12:00ـی شەو لە (ئێمپایەر سینەما لە هەولێر، سیتی سینەما لە سلێمانی و کەرکووک، سینەما ماکس لە دهۆک و سینەما ئاران لە کەلار) پێشان دەدرێت.



