رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، پیشانگەی نێودەوڵەتی بۆ کەلوپەلی
بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا و شارەوانی بە بەشداریی زیاتر لە 400 کۆمپانیا لە
20 وڵاتی جیهانەوە بەڕێوەدەچێت. پیشانگەکە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی وەبەرهێنەران
و خاوەنکاران لە سەرتاسەری ناوچەکە.
لە بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا لە سێیەم رۆژی پیشانگەکەدا کە
محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، چەندین خاوەنکار و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ناوخۆیی و
بیانی باسیان لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و بازاڕی هەرێمی کوردستان کرد.
محەممەد حەمید، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای 'بێتا ئۆتاک'ـی میسری بۆ دروستکردنی
باڵەخانەی بەرز، ئاماژەی بە باشیی کەشوهەوای وەبەرهێنان لە هەولێر کرد و گوتی:
"بینیمان کەشوهەوایەکی زۆر باش هەیە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەت کە خواستێکی زۆر
هەیە لەسەر ئەو بەرهەم و باڵەخانە ئەندازیارییانەی ئێمە پێشکێشی دەکەین. پشتیوانییەکی
باش لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە بۆ زیادکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانە پیشەسازییەکان،
ئەمەش هەواڵێکی باشە بۆ ئێمە تاوەکو بتوانین لە بازاڕێکی وەکو هەولێردا کار بکەین."
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە
بینیوە و توانیویانە کێبڕکێی بەرهەمە بیانییەکان بکەن. ئازاد جەلال، بەڕێوەبەری کۆمپانیای
ئەلکا سۆفا بۆ دیکۆری خانووبەرە، رایگەیاند کە کارگەکەیان بە سەرمایەکی نزیکەی 150
هەزار دۆلار دەستیپێکردووە، بەڵام "توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە" بەدەستبهێنێت.
ئازاد جەلال گوتی: "پێشتر وا دەزانرا کە شكست دێنین چونکە دەگوترا گەنجەکانمان
کار ناکەن، بەڵام گەنجی کورد گەنجینەیەکە لە نەوت و گاز بەهێزترە. ئێمە توانیمان بە
بەرهەمی خۆماڵی، 80٪ـی بازاڕی کارگەکانی تورکیا لێرە رابگرین."
هاوکات دیار خدر، لە کۆمپانیای (رووناکیی ئاسیا) کە تایبەتە بە هاوردەکردنی
کێبڵ و کەلوپەلی کارەبا، تیشکی خستە سەر کێشەی حەواڵەکردنی پارە و بەرزبوونەوەی
باجی گومرگی، کە کاریگەریی لەسەر نرخی کاڵاکان هەیە. بە گوتەی دیار خدر، بەهۆی
ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداریکردنیان لە سەکۆی ئەلیکترۆنیی بانکی ناوەندی، ناچارن بە
نرخی بازاڕ (150 هەزار دینار بەرەوسەر بۆ هەر 100 دۆلارێک) پارە حەواڵە بکەن، ئەمەش
نرخی کاڵاکان لەسەر کڕیاران گرانتر دەکات.
هەروەها مەجد کەرکی، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای تەیسیری ئوردنی بۆ دروستکردنی
بۆریی ئاو، باسی لەوە کرد کە بۆ یەکەمجارە بەشداری لە پیشانگەی هەولێر دەکەن و
ئامانجیان دۆزینەوەی هاوبەشێکی ناوخۆیی و دابەشکارێکی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان،
بەو پێیەی بەرهەمەکانیان لە رووی نرخەوە گونجاون و کوالێتییەکی بەرزیان بە
ستانداردی ئەڵمانی هەیە.



