رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێدا لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، ئامێرەکانی وێنەگرتنی ژێر زەوی و شیکارییەکانی خاک، لێکچوونی "سەرسوڕهێنەر"یان لە نێوان نەخشەی زەویی ناوچەی دورووپنار و کەشتیی نووح ئاشکراکردووە.
تیمێکی شوێنەوارناسی لە زانکۆی کۆماری سێواس، لە 28ـی حوزەیرانی 2026ـەوە دەستیان بە کارەکانیان لە شارۆچکەی بازید کردووە. لەرێگەی بەکارهێنانی راداری پێشکەوتووەوە، پشکنینی ورد بۆ ژێر زەویی ناوچەکە کراوە و چەندین پێکهاتەی رێک بە گۆشەی وەستاو (90 پلە) دۆزراونەتەوە، کە بەگوتەی توێژەران ئاماژەن بۆ بوونی بۆشایی و پێکهاتەی دەستکردی هاوشێوەی "ژوورەکانی کەشتی."
پرۆفیسۆر جەنکەر ئەتیلا، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، رایگەیاند تاوەکو ئێستا نزیکەی 1000 نموونەی خۆڵیان لە شوێنەکە کۆکردووەتەوە. ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە رێژەی کاربۆن لەو بەشەی وەک "ناوەوەی کەشتییەکە" هەژماردەکرێت، بە رێژەی 40% زیاترە لە بەشەکانی دەرەوەی، ئەمەش ئەگەری بوونی پاشماوەی دار لە ژێر زەویدا بەهێزتردەکات.
سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەنجامە کۆتایی و زانستییەکان لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا بۆ رای گشتی رووندەبنەوە.
ناوچەی دورووپنار لە شارۆچکەی بازید، بەهۆی شێوە سروشتییەکەیەوە کە لە کەشتییەکی گەورە دەچێت، ساڵانێکی زۆرە جێگەی بایەخی شوێنەوارناسان و توێژەرانی جیهانە. زۆر لە پسپۆڕان هەوڵدەدەن بیسەلمێنن ئایا ئەم شوێنە هەمان ئەو شوێنەیە کە کەشتیی نووح تێیدا لەنگەری گرتووە، وەک لە دەقە ئایینییەکاندا هاتووە، یان تەنیا دیاردەیەکی زەویناسییە.
ئێستا ئەم تیمە زانستییە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرنی رادار و شیکاریی کیمیایی، دەیانەوێت کۆتایی بەو مشتومڕە مێژووییە بهێنن و بەڵگەی یەکلاکەرەوە دەربارەی کەشتیی نووح بخەنەڕوو.


