رووداو دیجیتاڵ
قەبارە گەورە، رەنگی زەرد و تامێکی ناوازە، ناسنامەی هەنجیری قەزای تەق تەقە. بۆ پێنجەمین ساڵ لەسەریەک، ئەم بەرهەمە لە فێستیڤاڵێکی تایبەتدا لە کەناری زێی بچووک نمایشکرا و سەرنجی کڕیارانی لە هەموو ناوچەکانەوە بۆ خۆی راکێشا.
فێستیڤاڵەکە لە پارکی گەشتیاریی مەهناز بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو. ئەمساڵ زیاتر لە 70 باخەوان بەرهەمەکانیان هێنابووە فێستیڤاڵەکە.
سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەق تەق، رووداوی راگەیاند: "خواست لەسەر هەنجیرەکە هێندە زۆر بوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانمان، لە رۆژی یەکەمدا زیاتر لە 10 تۆن هەنجیر فرۆشرا."
هەنار قادر و عەدنان، دوو هاوژینی باخەوانن کە وەک دوو باخەوانی نموونەیی دەردەکەوتن. ئەوان ئەمساڵ بە زیاتر لە 200 کیلۆ لە بەرهەمی باخەکەیان بەشدارییان کردبوو. هەنار قادر بە رووداوی گوت: "دەمەوێت تامی شیرینیی رەنجەکەمان بگەیەنینە سەر مێزی کڕیاران."
فێستیڤاڵەکە تەنیا بۆ خستنەڕووی بەرهەمەکان نەبوو، بەڵکو بازاڕێکی گەرموگوڕیشی بۆ جووتیاران و کڕیاران دروستکردبوو.
نسار سەعدی، کە یەکێک بوو لە کڕیارانی هەنجیر، گوتی: "کەم کەس هەیە سەردانی فێستیڤاڵەکە بکات و بەبێ هەنجیر بگەڕێتەوە ماڵەوە."
فێستیڤاڵی هەنجیری تەق تەق ساڵانە بەڕێوەدەچێت و بووەتە بۆنەیەک بۆ نمایشکردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیەی ناوچەکە و ساخکردنەوەی بەشێکی زۆری لە ماوەیەکی کەمدا.
_(1).webp&w=3840&q=75)
