رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ دەڵێ، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییەوە، لانیکەم دەست بەسەر 643 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 252 چەکی شەڕ و راودا لە ناوچە سنوورییەکان گیراوە.
ئەمڕۆ شەممە 29-08-2026، مورتەزا ئەحمەدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییەوە (21-03-2026)ەوە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکە، دەستیان بەسەر 643 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
بەگوتەی مورتەزا ئەحمەدی، هەر لەو ماوەیەدا بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی سووتەمەنی، چەندین ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچە جیاجیاکانی ورمێ بەڕێوەبردووە کە لە ئەنجامدا رێگری لە بەقاچاخبردنی 164 هەزار لیتر سووتەمەنی کراوە.
وەک فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ گوتی، هەر لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییەوە تیمەکانیان دەستیان بەسەر 174 چەکی شەڕ، 78 چەکی راو و زیاتر لە چوار هەزار فیشەکدا گرتووە.
هەر لە ئۆپەراسیۆن و پشکنینەکانیاندا لە ناوچە سنوورییەکان، 95 کیلۆگرام زیو، 2.5 کیلۆگرام زێڕ و زیاتر لە 112 هەزار دەرمان دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ باکووری کوردستان، هەرێمی کوردستان، ئازەربایجان و پارێزگاکانی سنە، زەنجان و تەورێز وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی کاڵا قەدەخەکراوەکان بەکاردەهێنرێت.


