رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی حکومەتی سووریا بۆ خوێندنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە. خوێندکارانی زانکۆ، قوتابیانی قوتابخانەکان و مامۆستایان داوا دەکەن، تەواوی وانەکانی خوێندن بە کوردی بخوێندرێن.
دوێنێ پێنجشەممە 27-8-2026 حکومەتی سووریا چەند بڕیارێکی بۆ خوێندنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەرکرد و نێوەڕۆکەکەی ناڕەزایی هاونیشتمانییانی ئەو پارچەیەی کوردستانی لێکەوتووەتەوە. لە خاڵێکی بڕیارەکەدا هاتووە، خوێندنی زمانی کوردی لەو ناوچانەی "چڕی دانیشتووانی کوردیان تێدایە" دەبێتە ناچاری و ئاماژە بەوە کراوە، لە هەفتەیەکدا سێ وانە بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکرێ، جگە لە یەک وانەی دیکەی هەفتانە کە تایبەت دەبێت بە چالاکییەکان و ئەویش بە زمانی کوردی دەبێت.
لەیلا دەروێش، مامۆستایەکی دانیشتووی قامشلۆیە لە رۆژئاوای کوردستان، رۆژی هەینی 28ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە مامۆستاین. بابەتی لێکدان، تێکەڵکردن، کۆکردنەوە و کەمکردنەوە هەموویان دەستەواژەی بیرکاریین، ئێمە ناڵێین ریاضیات و دەڵێین زانیاری. بۆچی؟ واتە دەرفەتمان هەیە و لە زمانی کوردیدا هۆشیاری و زانینمان هەیە و دەتوانین هەمووی بە کوردی بڵێین".
محەممەد حاجۆ، مامۆستایەکی دیکەیە و بۆ ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ قسەی کرد و گوتی: "هەموو بابەتەکانی وێژەیی و زانستی بە زمانی کوردی هەن؛ بیرکاری و زانستی هەن. ئەمڕۆ کورد لە ئاستی زانستیدا زۆر پێشکەوتووە و پلەی پێشەوەی گرتووە. گفتوگۆی بەم شێوەیە و بڕیاری بەو شێوەیە نە مافی کوردی تێدا رەچاو کراوە و نە ماف بە زمانی کوردی دەدات؛ بۆیە کۆمەڵگەی کوردیش ئەوە قبووڵ ناکات".
بەشێکی زۆری قوتابیانی رۆژئاوای کوردستان تەواوی ساڵەکانی خوێندنیان بە کوردی بووە و ئێستا باس لەوە دەکرێ کە دەبێت بەشێکی بکرێتە عەرەبی. لەوبارەیەوە محەممەد حاجۆ دەڵێت: "بە تێڕوانینی من ئەوە بۆ بچووککردنەوەی کورد و زمانی کوردییە. تاوەکو ئێستا حکومەتی کاتیی سووریا بە چاوێکی بچووک لە زمانی کوردی و کۆمەڵگەی کورد دەڕوانێت، لەبەر ئەوەش بوو سەرەتا باسی کاژێریان خستە رۆژەڤەوە و دواتریش گوتیان بەس وێژەیی بێت، تەنیا بەشی وێژەیی بێت. نا ئەمڕۆ زمانی کوردی فەرمییەتی هەیە و دەتوانرێ هەموو بەشەکانی زانستی و وێژەیی پێ بخوێندرێ".
سیمین ئیبراهیم قوتابییەکی پۆلی حەوتی رۆژئاوای کوردستانە و داوا دەکات تەواوی خوێندنەکەی بە زمانی کوردی بێت و دەڵێت: "دەمانەوێ بە زمانی خۆمان بخوێنین؛ دەمانەوێ بە زمانی دایک بخوێنین؛ دەمانەوێ هەموو بابەتەکانمان بە کوردی بێت".
نارین حەسەن، خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکییە لە زانکۆی (رۆژئاڤا)ی کوردستان و دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو بڕیارەی دەڵێن بەشی زانستی بە عەرەبی بێت و وێژەیی بە کوردی بێت نابێت، چونکە ئێمە چەند ساڵە بەشی زانستی بە زمانی کوردی دەخوێنین و پیتی لاتینی و کوردی وەک یەکن، چی کێشەیەک هەیە بیکەنە عەرەبی من نازانم".
ناڕەزایی هاونیشتمانییان لەسەر ئەو بڕیارەیە کە 27ـی ئاب محەممەد عەبدولڕەحمان ترکو، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سووریا تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنماییە جێبەجێکارییەکانی مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 دەریکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم بڕیارە "پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنییە لە سووریا".
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، خوێندنی زمانی کوردی لەو ناوچانەی "چڕی دانیشتووانی کوردیان تێدایە" دەبێتە ناچاری. دیارترین خاڵەکانی بڕیارەکە ئەمانەن:
زمانی کوردی دەبێتە بەشێک لە پڕۆگرامی پەسندکراوی هەموو قۆناغەکانی خوێندن (سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی).
لە هەفتەیەکدا سێ وانە بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکرێت، جگە لە یەک وانەی دیکەی هەفتانە کە تایبەت دەبێت بە چالاکییەکان و ئەویش بە زمانی کوردی دەبێت.
وانەی کوردی وەک وانەیەکی بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و نمرەکەی هاوشێوەی وانەکانی دیکە لە کۆنمرەی کۆتایی هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی سووریا ئاسانکارییەک بۆ ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات و قوتابییان لەو ناوچانە دەتوانن وانەکانی (مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە ویستی خۆیان بە زمانی کوردی یان زمانی عەرەبی بخوێنن و تاقیکردنەوەی تێدا بکەن.
دواتر (سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان) رادەسپێردرێت بۆ ئامادەکردنی پەرتووک و پڕۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن.
25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی لە گوتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی راگەیاند و یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان باسی لێوە کراوە، پرسی خوێندن بووە بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی کوردی لەو وڵاتەدا.


