رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقینەوەی نارنجۆکێکی دەستی لەبەردەم کۆشکی دادی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، باوکێک و منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا. هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، کاژێر 09:30ـی بەیانی، لە گۆڕەپانی "سەلام" کە دەکەوێتە بەرامبەر باڵەخانەی کۆشکی داد لە شاری حەسەکە، تەقینەوەیەک روویدا. بەپێی زانیارییە ئەمنییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە لە ئەنجامی نارنجۆکێکی دەستی بووە.
دکتۆر خالید خالید، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە، بە میدیاکانی راگەیاند، پیاوێکی تەمەن 30 ساڵان و منداڵێک هێنرانە بەشی فریاکەوتن، کە سەختی بریندار ببوون، بەڵام دواتر هەردووکیان بەهۆی کاریگەریی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان دیار نییە، چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان پێ نەبووە بۆ ئەوەی بناسرێنەوە.
پەیامنێری رووداو لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، دەستبەجێ دوای تەقینەوەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە تاوەکو بزانرێت ئایا نارنجۆکەکە بە ئەنقەست تەقێندراوەتەوە، یان رووداوێکی "کەمتەرخەمی" بووە.

