رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێوڕەسمی کردنەوەی کانی کانزایی مۆڵاکارا لە شارۆچکەی گیادین سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان راگەیاند، 250 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەو کانە کراوە و بەرهەمهێنانی ساڵانەی زێڕ لە تورکیا 10% بەرز دەکاتەوە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کانزا لە ستراتیژیی هەناردەکردنی تورکیادا کرد و گوتی: "بەرزترین بەهای زیادکراو لە ئابووریدا لە کەرتی کانزا دایە."
یڵماز ئاشکرای کرد، بەرهەمی ساڵانەی زێڕ لە تورکیا لە دەوروبەری 30 تۆندایە، بەڵام بە دەستپێکردنی کار لەم کانەی زێڕەدا، چاوەڕی دەکرێت بەرهەمی ساڵانەی زێر لە تورکیا بەرز ببێتەوە، کە بەرهەمی ئەم ساڵی ئەو کانە یەک تۆن زێر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە 5 ساڵی سەرەتادا نزیکەی 17 تۆن زێڕ بەرهەم بهێنێت.
بەهۆی خواستی زۆر ساڵانە تورکیا زیاتر لە 150 تۆن زێڕ هاوردە دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر کورتهێنانی بازرگانی هەیە. جەودەت یڵماز گوتی:"چاوەڕێی دەکرێت، ئەو کانەی زێڕە بەرهەمهێنانی زێر لە تورکیا 10٪ بەرز بکاتەوە و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانی."
چاوەڕی دەکرێت کۆی ئەو زێرەی لەو کانە دەردەهێندرێت بەهاکەی بگاتە 2.5 ملیار دۆلار.
لە 16ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەو کانە کرایەوە و لە 16 تەممووز بەرهەمهێنانی زێر دەستیپێکرد. نزیکەی 337 کەس لەو کانە کار دەکەن.
پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان بەهۆی بوونی یەدەگی کانزاییەوە بە ناوچەیەکی دەوڵەمەند دەناسرێت.
کردنەوەی کانزای مۆڵاکارا بەشێکە لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی زێڕی دەرەکی و بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان بۆ پشتیوانیکردنی یەدەگی دراوی بیانی و بەهێزکردنی ئابووریی ناوچەکە.



.jpg&w=3840&q=75)