رووداو دیجیتاڵ ئەندامانی جەستەی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵی دانیشتووی کرماشان، بەخشرانە سێ نەخۆش، کە پێویستیان بە چاندنی جگەر و گورچیلە بووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئابی 2026 حەسەن مورادی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە کرماشان رایگەیاند: "حەمید سەلیمی، تەمەن 45 ساڵ، کە تووشی مردنی مێشک بووبوو، بە رەزامەندیی بنەماڵەکەی بەخشراونەتە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێی بووە." بە گوتەی حەسەن مورادی، هەردوو گورچیلە و جگەری حەمید سەلیمی، دراوەتە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون. حەسەن مورادی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشەکانی دیکەی جەستەی وەک پێستی ئەو نەخۆشە بۆ چارەسەری 53 نەخۆش بەکار دێت. ئەمە سێیەمین کەسە کە ئەمساڵ لەو پارێزگایەدا ئەندامانی جەستەی دەبەخشێت. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن. ئەو کەسانەی مێشکیان لەکار دەکەوێت، دەکرێ بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی پێویستیانە.