رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری حەسەکە مەزڵووم عەبدی بە "راوێژکاری باڵا"ی سەرۆکی سووریا ناودەبات و دەشڵێ، قۆناخێکی نوێ لە حەسەکە و رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تەنیا کۆتایی پڕۆسەیەک نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناخی جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی سیاسییە.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026 ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، وردەکارییەکانی قۆناخی دوای هەسەدە و داهاتووی دامەزراوەکان و پرسی خوێندنی زمانی کوردی خستەڕوو.
ئەحمەد هیلالی گوتی، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە "کۆتایی رێگەکە نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناخی جێبەجێکردنی کۆتاییە. ئێستا لە قۆناخی گواستنەوەین بۆ چەسپاندنی تێگەیشتنە هاوبەشەکان و گەڕانەوە بۆ نێو چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری."
لەبارەی رەهەندە سەربازییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 4500 ئەندامی هەسەدە لەنێو ریزەکانی سوپای سووریادا جێگیر کراون. پڕۆسەی تێکەڵکردنەکە سێ لیوای سەرەکی گرتووەتەوە: لیوای دێرک، لیوای قامشلۆ و لیوای حەسەکە.
ئەحمەد هیلالی زانیاریی زیاتری دا و رایگەیاند، "ئەم سێ لیوایە خولی راهێنانیان لە ناوچەی (نەبەک) تەواو کردووە و لیوای چوارەم کە لیوای کۆبانێیە، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەست بە راهێنانەکانی بکات لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا."
هیلالی ئاماژەی بەوەش کرد کە پێوەر بۆ ئەوان تەنیا ژمارەی ئەو کەسانە نییە دەبنە سەرباز، بەڵکو "کۆتاییهێنانە بە پەیکەری سەربەخۆی هەسەدە و گواستنەوەی بڕیار و چەک و سەرچاوەکانە بۆ وەزارەتی بەرگری."
ئێستا پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان لە حەسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار. هیلالی رایگەیاند، "مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری باڵا، تەواوبوونی یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و کارگێڕییەکانی پێشووی هەسەدەی راگەیاندووە."
هێشتا هەندێک دۆسیەی مەدەنی ماون کە پێویستیان بە رێکخستنەوەی کارگێڕییە، وەک دامەزراوەکانی پەروەردە، کاروباری شارستانی، ناسنامە، کۆچ و پاسپۆرت. هیلالی لەمبارەیەوە گوتی، "هیچ دامەزراوەیەک لە دەرەوەی دەوڵەت نامێنێتەوە. هاوئاهەنگییەکی تەواو هەیە بۆ ئەوەی هەر فەرمانگەیەک لێڤەگەڕێکی حکومیی روون، بودجە و میلاکاتێکی دیاریکراوی هەبێت."
یەکێک لە چاوەڕوانکراوترین بڕیارەکان بریتییە لە فەرمیبوونی زمانی کوردی. ئەحمەد هیلالی ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی مافی زمان و کولتووری کورد بووەتە بڕیارێکی فەرمی و لە چوارچێوەی مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026دا جێگیرکراوە.
هیلالی روونی کردەوە، "زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناسراوە و رێگە دەدرێ لە قوتابخانە حکومییەکانی ئەو ناوچانەی ژمارەیەکی بەرچاو کوردی لێیە، بخوێندرێ. لە ساڵی خوێندنی 2026-2027، زمانی کوردی بە فەرمی دەچێتە نێو پڕۆگرامەکانەوە، وەک بابەتێکی ئارەزوومەندانە و بە رێژەی دوو وانە لە هەفتەیەکدا."
سەبارەت بە پڕۆگرامەکانی خوێندن، جێگری پارێزگاری حەسەکە جەختی کردەوە کە پڕۆگرامی نیشتمانیی یەکگرتوو جێبەجێ دەکرێ، بەڵام قۆناخێکی گواستنەوە دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆگرامەکانی پێشووی "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر."
وەزارەتی پەروەردە کاردەکات بۆ ئەوەی گواستنەوەی سیستمی خوێندن نەبێتەهۆی دروستبوونی بۆشایی و فەوتانی ساڵێکی خوێندنی قوتابییان. بە گوتەی هیلالی، "قوتابخانەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن، مامۆستایان و قوتابییان نابنە قوربانیی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی کارگێڕی. هەموو کارمەندەکانی پەروەردە دەخرێنە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی حکومی."
هیلالی پەیامێکی روونی ئاراستەی دانیشتووانی حەسەکە کرد و رایگەیاند، "پرسی زمانی کوردی بابەتێکی تەکنیکییە نەوەک سیاسی. دەمانەوێ خوێندنێکی نیشتمانیمان هەبێت کە یەکپارچەیی وڵات بپارێزێ و لە هەمان کاتدا رێز لە فرەچەشنیی زمانەوانی و کولتووریی هەموو پێکهاتەکان بگرێ."



