رووداو دیجیتاڵ لە شارۆچکەی ئەدرەمیت لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، پرسە بۆ 3 رۆژ بۆ ژمارەیەک گەریلای پەکەکە دادەنرێ کە لە کات و ناوچەی جیاوازدا لە شەری نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە. ئەمرۆ دووشەممە، 24ی ئابی 2026، (کۆمەڵەی هاوکاری، پاڵپشتی، یەکێتی و کولتووری ئەو خێزانانەی کەسوکاریان لە لانکەی شارستانیەتەکاندا لەدەستداوە) پرسە بۆ 53 گەریلای پەکەکە دادەنێت کە خەڵکی وانن لە باکووری کوردستان. پرسەکە لە گەڕەکی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شارۆچکەی ئەدرەمیت سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەبێ. چاوەڕوان دەکرێ جگە لە کەسوکاری گەریلاکان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەشداری لە پرسەکەدا بکەن. لە سێ رۆژی رابردوودا ئەو کۆمەڵەیە پرسەی بۆ 43 گەریلای پەکەکە لە ئامەد دانا کە خەڵکێکی زۆری ناوچەکە بەشداریان تێدا کرد. پێشتر پرسە بۆ گەریلاکانی پەکەکە لە شارەکانی باکووری کوردستان دانراوە، بەڵام لەو کاتەوەی پرۆسەی چارەسەری دەستی پێکردووە، یەکەمجارە بە ئاشکرا و بە بەشداری خەڵکی زۆر پرسەی بەکۆمەڵ بۆ گەریلاکانی پەکەکە دادەندرێ. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستاندا گەیشتووەتە قۆناخی جێبەجێکردنی یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتیمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی)، کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و رێکخستنی زەوینەی یاسایی بۆ چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە. (کۆمەڵەی هاوکاری، پاڵپشتی، یەکێتی و کولتووری ئەو خێزانانەی کە کەسوکاریان لە لانکەی شارستانیەتەکان لەدەستداوە) لە باکووری کوردستان کار بۆ هاوکاریکردنی خێزانی قوربانیانی شەڕ دەکات.
کوردستان24-08-2026وەزیری کشتوکاڵ: ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 8 هەزار تۆن زەیتوون بەرهەمدەهێندرێت