رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 30 دانیشتن، دادگای کەرکووک لە دوو کەیسی جیادا رۆژی 23-08-2026، سزای 2 ملیۆن دیناری بەسەر محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕاندا سەپاند، کە زیاتر لە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لەکاتی بەرگریکردن لە زەوییەکەی، رووبەڕووی هێزەکانی سوپای عێراق بووەوە.
لە کەیسی یەکەمدا کە لەسەر سکاڵای سەربازێکی عێراقی بوو، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک بە ملیۆنێک دینار سزای پێبژاردنی بۆ جووتیارە کوردەکە دەرکرد. لە کەیسی دووەمیشدا کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک لەسەری تۆماری کردبوو، بە هەمان شێوە بە ملیۆنێک دینار سزا درا و مافی وەرگرتنی قەرەبووش درایە سوپای عێراق.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی رایگەیاند: "کەیسەکەی ئێمە کەیسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە. چەندین ساڵە لەگەڵ هاوڕێیانم پێکەوە بەرگری لە خاک و نیشتمان دەکەین. دە جاری دیکەش دەستگیرمان بکەن و سزامان بدەن، هەر لەم رێگایە بەردەوام دەبین."
یوسف حەسەن، پارێزەری محەممەد ئەمین گوتی: "ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد گوایە کاک محەممەد بە سوپای عێراقی گوتووە نەتەوەپەرست، بەردی تێگرتوون یان بە تراکتۆر هەوڵی شێلانی داون، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو، چونکە کاک محەممەد لەو کاتەدا تەنیا هاواری دەکرد و دەیگوت (سوێند بەخوا دانابەزم)."
بڕیارە محەممەد ئەمین تانە لە بڕیارەکەی دادگای کەرکووک بدات.


