رووداو دیجیتاڵ
دانانی تەل لەسەر دیواری بەشێک لە قوتابخانەکانی ئامەدی باکووری کوردستان وەک رێکاری ئەمنی، کاردانەوەی قوتابی و کەسوکاریانی لێدەکەوێتەوە و دەڵێن، ئەو دیمەنە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروون و ویستی خوێندنیان دروست دەکات.
رۆژی یەکشەممە 23ی ئابی 2026 کەسوکاری ژمارەیەک لە قوتابیان لە شاری ئامەد نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بڕیاری کارگێڕیی بەشێک لە قوتابخانەکان بۆ دانانی تەل لەسەر دیواری قوتابخانەکان دەربڕی.
بڵابوونەوەی دیمەنی تەلبەندکردنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا داهێنا.
باوکی قوتابییەک بەناوی ئیبراهیم سۆلاک دەڵێ، "تەلبەندکردنی دیواری قوتابخانەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵەکانمان دروست دەکات. بەرپرسانی قوتابخانە دەڵێن، ئەمە بۆ پاراستنی ئەمنییەت و رێگری لە چوونەدەرەوەی قوتابیانە، بەڵام پێویستە رێگەی دیکە بدۆزرێتەوە، نەوەک ئەوەی قوتابخانەکان وەک زیندانیان لێبکرێ."
هاوکات قوتابییەک گوتی، تێدەگات ئامانجەکە رێگرییە لە هاتنەژوورەوەی کەسانی دیکە بۆ ناو حەوشەی قوتابخانە، بەڵام گوتی: "کە لە پەنجەرەوە سەیر دەکەین و ئەو تەلبەندە دەبینین، هەست دەکەین لە نێو زیندانداین."
کەسوکاری قوتابیان داوا دەکەن لەبری تەلبەندکردن، سیستمی پێشکەوتووی چاودێری، کۆنترۆڵکردنی دەرگای قوتابخانە و رێگەی دیکە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی قوتابخانەکان بەکاربهێندرێ.
لە چەند ساڵی رابردوودا لە بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کارگێڕیی قوتابخانەکان بۆ رێگری لە چوونەدەرەوەی بێ مۆڵەتی قوتابیان و رێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی کەسانی دیکە بۆ نێو قوتابخانەکان، رێکاری ئەمنی تووندیان گرتووەتەبەر.




