رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پرۆسەی رێکخستنی میلاکی مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە باشی بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە نیوەی پەروەردەکان کارەکانیان تەواو کردووە.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بە (رووداو)ـی رایگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی وەزارەت، رێکاری رێکخستنی میلاک دیاریکرا و بۆ هەموو پەروەردەکان نێردراوە. خۆشبەختانە کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن؛ لە کۆی 42 پەروەردە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 27 پەروەردە میلاکی خۆیان بە تەواوی رێکخستووە."
لەبارەی ئەو پەروەردانەی کارەکانیان ماوە، گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد: "تەنیا 15 پەروەردە ماون کە ئێستا سەرقاڵی راییکردنی کارەکانیانن، ئەوانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی دەکەن. بەمەش میلاکی ساڵی خوێندنی 2026 - 2027 بێ هیچ کێشەیەک رێکدەخرێت."
سەبارەت بە بابەتی "بەشەوانە" (پشکی وانەوتنەوەی مامۆستایان) کە باس و خواسی زۆری لەسەرە، پەیمان خواجە روونی کردەوە: "تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەک لەسەر کەمکردنەوە یان زیادکردنی بەشەوانە نەکراوە و بڕیاری لێ نەدراوە. تەنیا ئەوە هەیە کە وەزیری پەروەردە لیژنەیەکی تایبەتیی بۆ دیراسەکردنی ئەم بابەتە راسپاردووە."
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، مامۆستایانی ئامادەیی هەفتانە 22 بەشەوانە و مامۆستایانی بنەڕەتی 24 بەشەوانەیان هەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، هەر کاتێک لیژنەکە کارەکانی تەواو کرد، ئەنجامی دیراسەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت. جەختیشی کردەوە کە "هەر کاتێک بڕیارەکە درا، بە دڵنیاییەوە بۆ مامۆستایان و رای گشتی رادەگەیێندرێت."
بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی لەجێدانانی مامۆستایانی گرێبەست، وەزارەتی پەروەردە رووبەڕووی بۆشاییەکی گەورەی میلاک بووەتەوە. تەنیا لە شەش ناوچەی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار مامۆستا خانەنشین بوون. لە هەندێک شوێن هیچ کەسێک لە شوێنی ئەو مامۆستا خانەنشینکراوانە دانەنراوە.



